بسم الله الرحمن الرحيم

از کتاب:
شیرین و فه‌رهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
 3 دقیقه  27 مشاهده
بە ناوی خودای بێ شەریک و تاک
سانعی خەڵق و زەمین و ئەفلاک
بێکەس، بێ شەریک، بێ جێگە و مەکان
ڕازقی موتڵەق، ڕەحمەت فەراوان
سەڵوات و سەلام بێ حەد و حیساب
لەسەر موحەممەد هەم ئال و ئەسحاب
لە پاش سەنای زات پادشای غەفوور
با بکەم باسی فەرهادی فەغفوور
لە مەکتەب ئەیخوێند ڕۆیشتەوە شەو
چووە ناو جێگا چاوی چووە خەو
شەو لە خەوا دی کەوا دولبەرێ
کچێکی جوانی پەری پەیکەرێ
هات لەگەڵ فەرهاد بەربوونە یاری
بە دڵێکی خۆش، بە کامکاری
ئەنگوستیلەی خۆی بەخشی بە فەرهاد
فەرهادیش هی خۆی پێدا بە دڵشاد
فەرهاد لێی پرسی ئەی حۆری لیقا
تۆ ناوت چییە پێم بڵێ توخوا
گوتی ئەی فەرهاد مەبە دڵ غەمگین
مەشهوورە ناوم گیانە بە شیرین
ئەگەر نازانی جێگە و مەکانم
لە نزیک ئەڵوەند لە تاقەوسانم
لە خەوی شیرین کاتێ کە هەڵسا
عەقڵ و شعووری لە سەردا نەما
ئەنگوستیلەکەی شیرینی ئەرمەن
لە پەنجەی دابوو فەرهادی کۆکەن
دەستی کرد بە شین، گریان و زاری
هاواری ئەکرد بە بێ قەراری
ئەیگوت ئەی شیرین دەرمانی دەردم
لە دووری باڵات ئەوا من مردم
مامۆستای فەرهاد بەم حاڵەی زانی
گوتی تۆ شێتی بۆچی نازانی
ئەو خەوەی کە تۆ دیوتە بەتاڵە
زۆر عەیبە بۆ تۆ چییە ئەم حاڵە
فەرهاد عەرزی کرد مامۆستا ئامان
توخوا کامەیە ڕێگەی تاقەوسان
کە دی وا سەری پڕ لە عەشقە و شوور
فەرهادی بردە خزمەتی فەغفوور
گوتی وا فەرهاد غەمبارە و حەزین
هۆشی نەماوە لە عەشقی شیرین
شەوێ لە خەویا شیرینی دیوە
بۆیە وا بووە شێت و کالیوە
خەبەریشیان دا بە دایکی فەرهاد
ئەویش دەستی کرد بە شین و بێداد
گوتیان بە فەرهاد بەختت نوستووە
ناوی شیرینی کەس نەبیستووە
فەغفوور گوتی پێی نووری بیناییم
مایەی تاج و تەخت، کۆکەبەی شاییم
لە هەر جێگایەک کچێکی جوان بێ
خاوەن خەت و خاڵ، حۆری جینان بێ
زوو بۆت ئەهێنم مەبە دڵگران
لە دڵت دەرکە ئەم فکرە قوربان
جوابی دایەوە فەرهادی غەمگین
گوتی بە زاتی ڕەببولعالمین
تاکوو نەبینم شیرینی جەم جام
حۆریم بدەنێ لە من بێ حەرام
شا کە دی فەرهاد نییەتی چارە
ئارام ناگرێ، شێتە و ئاوارە
گوتی بە شاپوور: وەزیری غەمخوار
دەخیل و ئامان فەرهادی نازدار
نەسیحەتی کە زۆر چاک لە ڕێگا
بەڵکوو ئەم فکرە لەسەری دەرکا
شاپووری دانا هەڵسا دەستوبرد
ئەسپابی ڕێگای هەموو حازر کرد
تاجی دەروێشی، عەسا و شاخ نەفیر
کەوڵ پۆست، کەشکۆڵ، تەسبیح و حەسیر
هەڵیان گرت ڕۆیین هەردوو بە تەنیا
بە یاهو یاهو ڕۆیشتنە سەحرا
شاپوور هەڵیگرت یەک قەبزە خەنجەر
لەگەڵ چەند دانە ئەڵماس و گەوهەر
حاسڵی ڕۆیین بە تاو و بە دەو
هەتا گەیشتنە بارگەی خوسرەو
شاپووری دانا وتی بە فەرهاد
تۆ بڕۆ بۆخۆت ببە خاتر شاد
شیرینی ئەرمەن شەوچراغی شەو
وا لە بارەگای کەیانی خوسرەو
من وا لە سەر بەرد ئەکەم نەقاشی
ئەبی لەو شکڵە تۆ بەرد بتاشی
هەتاکوو منیش شیرینی خۆشبۆ
بێنم بۆ سەیری سەنگتراشی تۆ
خوڵاسە چووە لای خوسرەو شاپوور
کردی بە وەزیر بە حوکمی دەستوور
بوو بە هاودەم و نەدیمی خوسرەو
لە خزمەتیا بوو بە ڕۆژ و بە شەو
لە پاش چەند ڕۆژێ شاپووری دانا
شکڵی خوسرەو و شیرینی کێشا
بە مەخفی بردی زوو دای بە فەرهاد
لە بەرد هەڵیکەند بە دڵێکی شاد