خەبەر زانینی مەجنوون لە شووکردنی لەیلی
از کتاب:
لەیلی و مەجنوون
اثر:
کمالی (1886-1974)
5 دقیقه
21 مشاهده
مەجنوون لە هەردە و چۆڵا سەرگەردان
کەوتبوو لە ژێر داری موغیلان
ڕەش و ڕووت و قووت، عاجز و غەمبار
لای نەبوو فەرقی گوڵ و دڕک و خار
وشتر سوارێ ڕۆژێ لە ڕۆژان
هات وتی مەجنوون شێتی سەرگەردان
ئەو سوارە ناوی بە زەید مەشهوور بوو
ئەویش بە دەردی عەشق ڕەنجوور بوو
عاشقی زەینەب ناوێ بوو بەتوول
شیوەنی ئەکرد غەمبار بوو مەلوول
هەموو جار ئەچوو بۆ خزمەت مەجنوون
بە بایان ئەدا خەفەتی دەروون
لە شووکردنی لەیلی مەحزون بوو
بە مەجنوونی گوت بێ عەقڵی بەدخوو
چییە ئەم حاڵە هەرزەی نابەکار
ئومێدی وەفا قەت مەکە لە یار
ئەوا یارەکەت ڕەنجی دای بە باد
زۆر بێ وەفا بوو تۆی هیچ نەکرد یاد
لەیلی خۆ شووی کرد زۆر کامەرانە
لە باخەڵ مێردا وا شادمانە
مەجنوون ئەمەی بیست بەربووە گریان
دەنگی هەڵبڕی بە ناڵە و فوغان
ئەوەندە سەری دا لە بەرد و سەنگ
بە خوێن دەشت و دەر هەموو بوو گوڵڕەنگ
وشتر سواریش بەربووە گریان
لەو قسەی کردی زۆر بوو پەشیمان
وتی گاڵتەم کرد زۆر شەرمەزارم
عەفووم کە مەجنوون خەجاڵەت بارم
ڕاستت پێ بڵێم شووی نەکردووە
عەشقی تۆ دڵی خۆ لێ سەندووە
حاسڵی مەجنوون غەمگین مایەوە
بە دەم دەردەوە زۆر تڵایەوە
لەولاوە باوکی پیر و غەمبار بوو
لە دووری مەجنوون زار و نزار بوو
زۆر ترسا بمرێ عومری بەرباد بێ
بێگانەیێک بێت بە جێگەی شاد بێ
دار عەسای هەڵگرت بە شین و گریان
بردی لەگەڵ خۆی چەن نەفەر جوانان
ڕۆیشتن گەڕان بە هەردە و تووندا
بە دەشت و چۆڵدا بە شوێن مەجنووندا
رۆژێ باوکی دی وا لە جێگایێ
لە ناو شیوێکی زۆر بەد هەوایێ
مەجنوون کەوتووە مات و داماوە
بەسەر ئێسقانیا پێستی کێشراوە
باوکی بە بێدەنگ چوو دانیشت لە لای
بە دەست هەتاکوو سەعاتێ شێلای
مەجنوون سەیری کرد باوکی نەناسی
خوی دوور خستەوە زوو بە کەساسی
وتی مامە گیان تۆ کێیت چیت ئەوێ
وازم لێ بێنە قەزات لێم کەوێ
باوکی وتی پێی ڕووحی ڕەوانم
خۆ من باوکتم قەزات لە گیانم
مەجنوون کە ناسی بەربووە گریان
خۆی خستە بەرپێی بە شین و فوغان
لە پاش سەعاتێ جا باوکی هەڵسا
بوغچەی کردەوە لیباسی هێنا
پۆشی بە بەریا لیباس و جامە
کەوای نایاب و کەوش و عەمامە
نەسیحەتی کرد وتی ڕۆڵە گیان
وەختی مردنمە دەخیل و ئامان
تۆ چەن وەختێکە جێت بیابانە
ڕەفیقت وەحشی دەشت و کێوانە
چیت دەست کەوتووە غەیری بەدناوی
بۆچ وا بێ عەقڵی بۆچ خەڵەفاوی
من پیرم ئەوا ئەمرم ڕۆڵە گیان
خۆ بە تۆ ئەبڕێ میراتم قوربان
وەختی مردنم لە ژوور سەرم بە
جگەر گۆشەمی خۆت ڕەهبەرم بە
وەختی مردنم گەر دوور بی قوربان
نامبینی ئەوسا ئەبی پەشیمان
کە گوێی لە قسەی باوکی بوو مەجنوون
دڵی نەرم بوو گەلێ بوو مەمنوون
ویستی بە قسەی باوکی لەمەولا
سەبر بکات و عاقڵ بێ ئەمجا
بەڵام سوارەی عەشق زۆر توند تاوی دا
گوێچکەی مەجنوونی ئازانە بادا
جوابی دایەوە مەجنوونی داماو
وتی بابە گیان ئەمرت بەسەرچاو
قسەکەت ڕاستە زور باش ئەزانم
ئەمەوێ وابم بەڵام ناتوانم
ئەزانم کە تۆ باوکمی قوربان
بەڵام نازانم ناوت بە قورئان
سەرم شێواوە نووری چاوانم
حەتا ناوی خۆم ئێستە نازانم
وەحشی هەڵناکات قەت لەگەڵ مەردوم
لەناو وەحشەتی خۆما من بووم گوم
نەسیحەتی تۆ تەئسیر ناکات لێم
عەشقی یار هۆشی هیچ نەهێشتوە پێم
تۆ ئەفەرمووی من وا ئەمرم ئەڕۆم
وەرەوە داتنێم با لە جێگەی خۆم
بە هاتنەوەی من بۆچ دڵخۆش ئەبی
کە وەختێ مردی بۆ تۆ فایدەی چی
لەم قسانەدا مەجنوونی حەزین
هەموو ئەندامی بەربووە لەرزین
لە قۆڵی مەجنوون خوێن هاتەدەرێ
باوکی دەستی برد گوتی لێی گەڕێ
عەرزی کرد گوتی باوکی هونەروەر
خوێنی گرتووە لەیلای نازپەروەر
ئەو جێگەی نەشتەر لە لەیل دراوە
منیش وا خوێنم بەربووە باوە
لاشەمان هەرچەن دوانە بە قوربان
بەڵام هەر یەکە یەک ڕووح و گیانمان
باوکی کە زانی قسەی بێ سوودە
گوتی با نەدەم ڕەنجی بێهوودە
عەشقی ئەم نییە عەشقێکی باتڵ
لە دڵیا مەیلی لەیل نابێ زائڵ
هەڵساوە فەرمووی ڕۆڵە بە دوعا
زۆر ئەزیەتم دای بمبەخشە توخوا
بەڵام ڕووحەکەم گیانی شیرینم
ڕووناکی چاوم سەرمایەی ژینم
وەختی مردنم کە مەعلووم بوو بۆت
تکات لێ ئەکەم تۆ بی و سەری خۆت
وەرە سەر قەبرم بە شین و گریان
هەتا بزانن بێگانە و خوێشان
کە من بێکەس نیم تۆ ئەولادمی
واریسی ماڵی حەق و دادمی
لە پاشان هەڵسا چووە ماڵەوە
بە غەم و دەرد و ئاهـ و ناڵەوە
نەخۆش کەوت لەتاو خەفەتی مەجنوون
لە دنیا دەرچوو عاجز و مەحزوون