چاوپێکەوتنی مەجنوون بە گەوزن و نەجاتدانی لە داو
از کتاب:
لەیلی و مەجنوون
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
111 مشاهده
لە دەشتێکا دی گەوزنێکی جوان
کەوتۆتە داوی پیاوێکی نادان
سەیادی غەدار خەریکە ئەوا
زوو سەری ببڕێ بە تیغی قەزا
مەجنوون وتی پێی زاڵمی بێ دین
بوچ ئەم فەقیرە سەر ئەبڕی بە قین
ئەسیری مەکە مەیکوژە هەتا
لەگەڵ جووتی خۆی لە دەشت و سەحرا
چەند ڕۆژێ بکەن بۆ خۆیان سەیران
توخوا مەیکوژە دەخیل و ئامان
سەیاد ئەمەی بیست وتی ئەی برا
منیش فەقیرم بێ بەرگ و نەوا
لێم بکڕە هەتا بەڕەڵڵای کەم بۆت
ئەوسا بەریدە تۆ بیبە بۆ خۆت
مەجنوون ئەسڵەحەی جەنگی زۆر پێ بوو
هەمووی داڕنی دای بە سەیاد زوو
سەیاد وەریگرت ڕۆیشت بە دڵشاد
مایەوە لەوێ مەجنوونی ئازاد
چوو بۆ لای گەوزن وتی ئەی ڕەنجوور
ئەی بە وێنەی من لە یاری خۆت دوور
چاوی ماچ کرد و بە دڵێکی شاد
گەوزنی لە داو ئەمجا کرد ئازاد
بە گریانەوە لە دەشت و سەحرا
مەجنوون مایەوە ئەو شەوە تەنها
سبەینێ هەڵسا لە خەو هەمیسان
گرتیەبەر ڕێگای چۆڵ و بیابان
وەختێ نیوەڕۆ گەرما تاوی دا
چوە بن سێبەری دارێ لە سەحرا
لەسەر حەوزێ بوو پر لە ئاوی خۆش
مودەووەر و جوان، شیرین و دڵکەش
مەجنوونی هەژار هەتا چەند ساعەت
لەسەر حەوزەکە کردی ئیسراحەت
سەیری کرد لەسەر دارەکە ئەوا
قەلێ وەستاوە زور ڕەش و زیبا
وتی قەلەڕەش بۆچ بە پەرۆشی
من تەعزیەبارم تۆ بۆچ ڕەشپۆشی
تو خودا وەختێ ئەبینی یارم
بڵێ بە یاری شۆخی نازدارم
بگاتە فریام تا لە دەس نەچووم
ئەگەر نەمگاتێ بە تەحقیق مردووم
هەتا ئێوارە لەگەڵ قەل مەجنوون
ئەم قسانەی کرد بە دڵی مەحزوون
شەو بەسەردا هات مایەوە دیسان
دڵ پڕ لە خەم و زویر و پەریشان