ڕۆیشتنی سەید عامر لەگەڵ قەیسی کوڕی بۆ کەعبە
از کتاب:
لەیلی و مەجنوون
اثر:
کمالی (1886-1974)
5 دقیقه
20 مشاهده
باوکی قەیس لەگەڵ قەوم و خوێشانی
فکریان کردەوە وایان باش زانی
کە مەجنوون ببەن بۆ کەعبە هەتا
لە وەختی حەجدا بۆی بکەن دوعا
وەختی حەج کە هات هەموویان هەڵسان
مەجنوونیان خستە ناو تەختەڕەوان
بردیان بو مەکە بە شەوق و بە جۆش
بە دوعا و نزا و دڵی پڕ خرۆش
بەسەر خەڵقی دا وەک ڕیگی ڕەوان
گەوهەر و زیو و زێڕیان کرد پەخشان
باوکی دەستی کرد بە سۆز و دوعا
بردی لە سایەی کەعبەدا داینا
وتی بە مەجنوون ڕۆڵە دوعا کە
ڕوو لە بارەگای کەعبەتوڵڵا کە
بپاڕێرەوە لە قاپی خودا
بڵێ ئەی خودای بێ میسل و هاوتا
نەجاتم بدە موبتەلای عەشقم
گیرۆدەی دەرد و هەم بەڵای عەشقم
مەجنوون ئەمەی بیست لە باوکی گریا
لە پاشان بە کوڵ پێکەنی و هەڵسا
توند گرتی حەڵقەی دەرگای کەعبەی پاک
ڕایوەشاند بەبێ خەوف و ترس و باک
وتی ئەی خودای تاکی تەنیای فەرد
لە عەشقی لەیلی منم دڵ پڕ دەرد
کەی ئەمە شەرتی عەشقە یا وەفا
کە من لابدەم لە عەشقی لەیلا
خۆ من پەروەردەی عەشقە سروشتم
هەر عەشقی لەیلە خۆ سەرنویشتم
بیکە بە عەشقی زاتی خوداییت
بۆ خاتر سیفات هەم پادشاییت
لە پێش چاوی من لەیل قەت مەکە دوور
لە سەرچاوەی عەشق پێم کەرەم کە نوور
هەموو لەحزەیەک بمدەرێ مەیلی
عەشقم زیاد بکە تۆ بە ڕووی لەیلی
لەیلی لە دڵما یەک بە هەزار کە
دڵم بە عەشقی هەر گرفتار کە
هەرچی لە عومری من ماوە توخوا
هەمووی بخەرە سەر عومری لەیلا
باوکی ئەمەی بیست حاڵی بوو کەوا
دەردی عەشقی ئەو نییەتی دەوا
هەڵسا بە دڵی پر لە دەردەوە
قەیسیان بۆ خێڵی خۆیان بردەوە
دوو سێ بەدکارێ لە قەومی لەیلا
چوون زوو بە باوکی لەیلیان خەبەر دا
وتیان کە قەیسی هەرزەیی بەدکردار
بەدناوی کردوین لە هەموو دیار
هەموو ڕۆژێ دێت بە شور و غەوغا
بە شیعر خوێندن بە ڕەقس و سەما
لەگەڵ چەند کەسێ دێت بە سەری ڕووت
بە پێخاوس و ڕەش و ڕووت و قووت
لەیلی لە داغی زۆر خەفەت بارە
لە شانی بارە غەم و پەژارە
وا چاکە بیگرین بیترسێنین زوو
هەتا بە جارێ نەڕوا ئابڕوو
زۆر ڕقی هەڵسا باوکی لەیل دەرحاڵ
وتی بە حەققی خودای زولجەلال
من بەم شمشێرە ئەکەم عیلاجی
بەربادی ئەکەم تەخت و تاراجی
پیاوێ لە خێڵی قەیس ئاگای لێ بوو
زوو بۆ لای شێخی عامیریان چوو
ئەم خەبەرەی دا بە باوکی مەجنوون
وتی وریابە با نەبی دڵخوون
تەدبیریان کردوە من هەمە خەبەر
یەقینم هەیە قەیس ئەکەن بێ سەر
کە باوکی مەجنوون ئەمەی بیست ئەمجا
چەند خزمێکی خۆی زوو نارد بە شوێنیا
زۆر گەڕان خێرا هەموو دەشت و دەر
لە مەجنوون نەبوو هیچ شوێن و ئەسەر
وتیان بە تەحقیق دوڕندەی سەحرا
مەجنوونی شەیدای کردووە فەنا
خزم و خوێشانی و ئەهالی هەموو
بە گریانەوە بەربوونە ڕۆڕۆ
لە بەنی سەعد پیاوێک بە ناکاو
ڕۆژێ ڕێی کەوتە یەک چەشمە و سەراو
سەیری کرد مەجنوون لەوێ کەوتووە
باڵای بە وێنەی کەوان چەوت بووە
قسەی لەگەڵ کرد زۆر لێی پاڕاوە
مەجنوون ئەبەدا جوابی نەداوە
عاقیبەت جێی هێشت زوو هات دەستوبرد
باوکی لە حاڵی قەیس خەبەردار کرد
وتی لە فڵان جێگا کەوتووە
لە غەما وەکوو موو باریک بووە
باوکی قەیس هەڵسا بە ئاهـ و زاری
دەشت و دەر گەڕا بە بێ قەراری
سەیری کرد ئەوا پەشێو و دڵتەنگ
سەری خستۆتە سەر پارچەیێک سەنگ
هەر شیعر ئەخوێنێ بێ سەبرە و قەرار
داییما ئەکا شیوەن و هاوار
باوکی سەلامی لێ کرد زۆر بە کوڵ
دانیشت دڵخۆشی دایەوە بە دڵ
مەجنوون کە وەختێ باوکی دی هەڵسا
دەست و پێی ماچ کرد لە پاشان ئەمجا
وتی ئەی بابە ئارامی گیانم
بمبەخشە زۆر بێ هێز و توانم
نەمماوە سەبر و ئارام و قەرار
لە دەستما نییە هەرگیز ئیختیار
باوکی ئەمەی بیست یەخەی خۆی کرد چاک
گریا و ناڵاندی بە دڵی غەمناک
وتی خوێنی کێ گەردنی گرتووی
کام دڕکە ڕۆڵە دامەنی گرتووی
بەدبەختم دیوە نەک وەک تۆ بەدبەخت
دەردم دیوە نەک وەک دەردی تۆ سەخت
خۆت بپارێزە لە تەعنەی دوشمن
بۆچی حەز ئەکەی ڕۆڵە لە مردن
دانیشە لە دڵ فرێ دە زوو دەرد
بۆچ بێ جێ ئەکوتی گیانە ئاسنی سەرد
خەرمانی عومری خۆت مەدە بە با
لە ناو عالەمدا بەس بمکە ڕسوا
ئەگەر سەبرت بێت ئەمین بە گیانە
بە پارە کارت پێک دێ ئازانە
چی بە تۆ ئەبڕێ لە دەشت و سەحرا
وەرەوە لامان تۆ بیتو خودا
جوابی دایەوە مەجنوونی هەژار
وتی ئەی بابە با عیزز و ویقار
هەر دەرگای تۆیە قیبلەی سجودم
بە بۆنەی تۆوە ماوە وجودم
ئەم نەسیحەتەت ئارامی گیانم
بوو بە مەڵحەمی دەرد و زامانم
بەڵام چی بکەم من سیاچارەم
لە عەقڵ و سەبر و مەسکەن ئاوارەم
تەدبیرم نییە قیسمەتم وایە
دەست و پێم تەوقی ئاسنی تیایە
هیچ کەس حەز ناکا کە ببێ دڵتەنگ
لە دڵتەنگی من ئەتوێتەوە سەنگ
عاشق ناترسێ هەرگیز لە گیان دان
خۆشەویستترە لە لای یار لە گیان
باوکی ئەمەی بیست بەربووە گریان
مەجنوون کەوتە خاک سەر ڕووت و عوریان
بە هەر حاڵێ بوو باوکی هەڵیسان
بردێوە بۆ لای قەومان و خوێشان
بە شور و گریە و بە واوەیلاوە
چەند ڕۆژێ مەجنوون لای باوکی ماوە
لە پاشان دیسان شێتانە هەڵسا
گرتیەبەر ڕێگەی کۆ و دەشت و سەحرا
ئەچوو بۆ نەجد هەموو جار بە تاو
بە شیعر خوێندن بە چاوی پڕ ئاو
شوێنی ئەکەوتن ئەهالی هەموو
شیعری کە ئەوت ئەیان نووسی زوو
ئەو شیعرانەیان ئەبرد بە دیاری
بۆ خوێندەواران بە بێ قەراری