باسی لەیلی و مجنوون

از کتاب:
لەیلی و مەجنوون
اثر:
کمالی (1886-1974)
 4 دقیقه  24 مشاهده
وا ئەگێڕنەوە لە موڵکی عەرەب
گەورەیەک بووە بە ئەسڵ و نەسەب
سەرداری هەموو عامرییەکان بوو
وڵاتی مەعمورر گشت ڕووی جیهان بوو
ناوی مەلووح بوو کوڕی موزاحیم
گەورەی عەرەب بوو قائیم و دائیم
زۆر میوان دۆست و فەقیرنەواز بوو
تالعی یار و بەختی هاوڕاز بوو
هەرچەن لە هەموو دنیا مەشهوور بوو
ئەولادی نەبوو چرای بێ نوور بوو
لەگەڵ فەقیران زۆر ئەیکرد کەرەم
هەر دوعای ئەکرد ئەیبەخشی درەم
ئەپاڕایەوە داییما هەتا
خوا ئەولادێکی جا پێ کرد عەتا
وەختێ جەماڵی ئەو ئەولادەی دی
گەنج و خەزێنەی بە فەقیر بەخشی
بە شیر و شەکر پەروەردە کرا
دایان بە دایەن بە کەیف و سەفا
ئومێدی پێی بوو بە هونەروەری
باوکی ناوی نا قەیسی هونەری
وەختێ کە عومری گەییە حەوت ساڵە
ڕوووی خەرمانەی دا وەکوو گوڵاڵە
کە بوو بە دە ساڵ نەبوو ئەمسالی
بوو بە داستان حوسن و جەماڵی
هەر کەسێ ئەوی ئەدی لە ڕێدا
دوعای بۆ ئەکرد لە قاپی خودا
کە لە چاوی بەد دوور بێ جەماڵی
خەزان نەبینێ وەنەوشەی خاڵی
لە پاشان باوکی بە دڵێکی شاد
ناردی بۆ مەکتەب بۆ خزمەت ئوستاد
قوتابی زۆر بوون لە مەکتەبخانە
لە کوڕ و لە کچ، خزم و بێگانە
ئەیانخوێند هەموو بە بێ خەوف و بیم
یەکسەر مەشغووڵ بوون بە دەرس و تەعلیم
هەر یەکە خەڵقی قیبلەیەک بوون
بە ڕۆژ ئەیانوخوێند بە شەو دەرئەچوون
هاونشینی قەیس کچێکی جوان بوو
باڵای بە وێنەی سەروی ڕەوان بوو
چاوی ئاسکی بوو کە هەر زەمانێ
بە تیری غەمزە ئەیکوشت جەهانێ
لە دڵی هەموان بۆ ئەو بوو مەیلێ
زوڵفی وەک لەیل و ناویشی لەیلێ
قەیسی هونەری کە ڕووی لەیلی دی
بە بێ ئیختیار دڵی پێ بەخشی
ئەویش زوو دڵی بە قەیس دا، هەردوو
لە دڵا عەشقی یەکتریان زیاد بوو
ڕەفیقەکانیان ئەیانخوێند، ئەوان
هەر سەیری یەکیان ئەکرد بە دڵ و گیان
بەم حاڵەوە مان چەند وەختێ هەتا
یەگجار ئارام و قەراریان بڕا
مەحیبەت یەکجار عەقڵی لێ سەندن
بنج و بنچینەی خۆشی هەڵکەندن
مەشهووری عام بوون پەردەیان دڕا
لەناو عالەمدا جا ناویان زڕا
هەر خەریک [ئە]بوون تێکۆشن کەوا
ڕازی پەنهانیان نەبێ ئاشکرا
بەڵام لە دەس عەشق سەبر زوو دای کۆڵ
ناشارێتەوە ڕۆژ بە خاک و خۆڵ
ئەمجا کە قەیسی بێچارەی هەژار
بە داوی عەشقی لەیل بوو گرفتار
ئەو کەسانەی وا زوو لێی حاڵی بوون
ناوی قەیسیان نا لەوەلا مەجنوون
بەدکاران وەک سەگ زوبانیان کێشا
هەتا لە مەجنوون لەیلیان کرد جیا
لەیلی لە قەیسی بێچارە ون بوو
بە تیری دووری جەرگی کون کون بوو
ئەگریا دایم لە کوچە و بازار
هەر لەیل لەیلی بوو بێ سەبر و قەرار
بەردە بارانیان ئەکرد مناڵان
ئەیانوت مەجنوون شێتی ماڵ وێران
هەموو شەو ئەچوو بۆ بەر ماڵی لەیل
بە دڵی زاری لە دەرد و غەم کەیل
حەڵقەی دەرگاکەی ماچ ئەکرد ئەوسا
بە شین و گریان ئەگەڕاوە دوا
دووسێ ڕەفیقی مەجنوون بوون کەوا
ئەوانیش عەشقیان هەبوو لە سەردا
لەگەڵ ئەوانا مەجنوون بەیانیان
ئەچوو بۆ تەواف دەرگاکەی جانان
کێوێ کە بە نەجد ناوی نرا بوو
جێگە هەوارگەی خێڵی لەیلا بوو
مەجنوون هەموو ڕۆژ ئەچوە ئەو کێوە
ئەیکرد هاوار و شیوەن و غرێوە
قسەی هەر لەگەڵ بادی سەبا بوو
خیتابی لەگەڵ زوڵفی لەیلا بوو
ئەیوت ئەی شەماڵ بڕۆ توخوا
بۆم بێنە بۆنێ لە زوڵفی لەیلا
بە قوربانت بم ئەی لەیلی نازدار
خوڵی ژێر پێی خۆت تۆ بۆ یادگار
زوو بنێرە بۆم بۆ چاوم چاکە
دەرمانی ژانی چاوە ئەو خاکە