بسم الله الرحمن الرحيم
از کتاب:
لەیلی و مەجنوون
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
29 مشاهده
ئەی خودای گەورەی بێ میسل و مانەند
تاک و بێ شەریک بێ ژن و فەرزەند
هەرچی کە بووە و هەیە و بینراوە
بە قودرەتی تۆ ئیجاد کراوە
بە ئەمری تۆیە تەرتیبی جیهان
تۆی عەقڵ بەخش و تۆی خالقی گیان
زانای ئەسراری هەموو دەروونی
حەی و مەوجوودی نازانین چۆنی
هەر بە سیفاتی تۆ خۆت بووی مەوسووف
نەهی تۆ مونکەر ئەمری تۆ مەعرووف
دنیات ئیجاد کرد بە کاف بە نوون
ئاسمانی بەرزت ڕاگرت بێ ستوون
ئەیخوێنێتەوە نامەی نەنووسراو
ئەزانێ هەموو قسەی نەگوتراو
عەقڵم پێ خاوس، شەویش تاریکە
ڕێگاش سەرانسەر وەک موو باریکە
من ڕێبوارم و ڕێگا خەتەرناک
تۆ ڕەهبەرم بی ئیتر نیمە باک
هەر تۆی کە بە من بدەی هیدایەت
لوتفی تۆ بە عەقڵ ئەدا کیفایەت
من تێ ئەکۆشم توانام نییە
کە ڕەهبەرم بی من باکم چییە
خۆ من لایەقی قەهری تۆم قوربان
عەفویشت هەر بۆ بەندەیە دیسان
تۆ ئەپەرستم، کە بویشم بە خاک
ئیتر لە شەیتان چلۆن ئەمبێ باک
نە دین ئەهێنم بۆ لات نە تاعەت
هەمە موفلیسی و عەرزی شەفاعەت
سا بە نووری خۆت قازیولحاجات
نەجاتم بدە ئیتر لە زوڵمات
من گەر سواڵەتم ئەگەر گەوهەرم
مەخلوقی خۆتم هەر تۆی سەروەرم
غەیری دەرگای تۆ خودای زولجەلال
بۆ هیچ دەرگایێک من ناچم بۆ سواڵ
تۆ خەڵقت کردووم گەر چارەسیام
بە دەست خۆم نییە بۆیە بێ پەروام
ناترسم لە مەرگ چونکە ئەزانم
کە ڕێگای لای تۆ ئەدا نیشانم
عەفووی تۆ هەر بۆ گونەهکارانە
دەوا هەر خاسی دەردەدارانە
گەرچی ڕووڕەشم تۆ بمکە قبووڵ
بمبەخشە بەشقی توربەتی ڕەسووڵ