تاسەیەک
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
1 دقیقه
870 مشاهده
ئاسمانێکم ئەوێ شین
بە ئەستێرەی گەش نەخشین
بە زەردەخەنەی بێ خەم
دوربێ لە هەور و لەتەم
ببەخشێ، بزەی لێوی
گەشە بە گوڵی کێوی
پیرۆزەیی ڕەنگ و بۆی
هەوری ڕەش نەگرێتە خۆی
لە ئاوێنەی هەساوا
دەرکەوێ دڵی ساوا
بێ گەرد و پاک و ڕون بێ
وەک سەرچاوەی دەرون بێ
کش و مات و بێ دەنگ بێ
بەوێنەی دەریا مەنگ بێ
تا گرمە و ناڵە ون بێ
بەردی گۆمی بێ بن بێ
شەست و ڕەهێڵەی باران
نەیکا بەجاری جاران
لافاوی سوری وەک خوێن
گیان نەبا بێ سەر و شوێن
یان بروسکەی ئاگرین
دڵ نەسوتێنێ بە قین
مەلی ئەم هەست و گیانە
وێڵە بۆ ئەو ئاسمانە
تابدا لە شەققەی باڵ
بەرەو مەڵبەندی خەیاڵ