باسی دفنکردنی خوسرەو و خۆکوشتنی شیرین
از کتاب:
شیرین و خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
10 مشاهده
ئەمجا بۆ لاشەی شاهی تاجدار
سندوقیان تاشی لە عوودی قومار
سندوقەکەیان گرتە تەختەی زەڕ
ڕازاندیانەوە بە دووڕ و گەوهەر
بە عادەتی زووی شاهانی عەجەم
خستیانە سندوق شاهی جەمحەشەم
چەند پادشاهێ هەڵیانگرت بە شان
بردیان بە حوورمەت بۆ سەر گۆڕستان
بوزرگ ئومێدیش هەر وەک شۆڕەبی
لە دەرد و غەما لەشی دەلەرزی
دەیگوت کوا گەورەی شاهانی عەجەم
کوانێ ساحێبی شمشێر و عەلەم
کەنیزان زوڵفیان کردبوو پەخشان
لەپێش خەڵقەوە بە کوڵ دەگریان
شیرینی ئەرمەن وەک تاوسی مەست
وێنەی خوسەرەوی گرتبووە سەر دەست
سەرپۆشی زەردی دابوو بەسەردا
لیباسی جوانی کردبوو بەبردا
لەپێش جەنازەی خوسرەو بە تەنیا
دەهات و دەچوو بە ڕەقس و سەما
بە لەنجە و بە لار دەڕۆیشت سەرمەست
هەر کەسێ دەیدی زوو دەچوو لە دەست
بەم نەوعە هەر کەس کە دەیدی شیرین
وا تێ دەگەیشت هیچ نییە غەمگین
شیرویەش دیسان وای زانی کە ئەو
هیچ غەمبار نییە بۆ مەرگی خوسرەو
ڕۆیشتن لەسەر گۆڕستان ئەمجا
لەناو گومەزدا سندوقیان دانا
خەلائیق هەموو چوونە دەرەوە
شیرین بە دڵی غەمپەرورەوە
چووە ژوورەوە دەرگای کرد مەحکەم
کفنەکەی لادا لە شاهی عەجەم
لەو جێگەی وا تیغی لێ درابوو
تیغی دا لەسەر جگەری خۆی زوو
بە خوێنی گەرمی شۆخی دڵارا
تازەی کردەوە برینەکەی شا
دەستی کردە مل خوسرەوی پەروێز
نایە ناودەمی دەمی شەکرڕێز
شیرینی ئەرمەن جا کردی هاوار
ئەهالی وەختێ کە بوون خەردار
گوتی خەڵقینە وا خۆم نەجات دا
گیانم شاد بوو ئاواتم نەما
پیاوە گەورەکان کە بوون باخەبەر
بانگ و سەدایان لێ هەڵسا یەکسەر
گوتیان شیرین بۆ مردنی تۆ
بۆ وەفا و بۆ گیانسپاردنی تۆ
لە عیشقا هەروا لازمە مردن
هەروا دەبێ گیان بە یار سپاردن
گەلێ ژن هەیە ئازا وەک شێرە
زۆر پیاویش هەیە ژینی بێخێرە
لەناو گومەزدا دوو یاری دڵپاک
بە ڕەسمی شاهان نیژران لەژێر خاک