باسی ڕۆیشتنی خوسرەو بە قینەوە
از کتاب:
شیرین و خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
1 دقیقه
5 مشاهده
خوسرەوی پەروێز زۆر قینی هەڵسا
بەقار و توندی گەڕایەوە دوا
ئەو شەوە بەفر و باران دەباری
گرمەگرمی بوو هەوری بەهاری
بەکوڵ دەگریا شاهی تاجدار
ئەسپەکەی تاودا خێرا بەیەلغار
هاتە بارەگاهـ بە دڵی غەمبار
نە ئارامی بوو نە سەبر و قەرار
وەزیرەکانی نووستن نیوەشەو
شاپوور مایەوە تەنها لای خوسرەو
گوتی بە شاپوور نازانی شیرین
چی لەگەڵما کرد بەقار و بە قین
زۆر بە قسەی خۆش لەگەڵی دوام
ئەسڵەن جوابێکی خۆشی پێ نەدام
ماجەرای هەموو تەواو سەرانسەر
بۆ گێڕایەوە شاهی تاجوەر
جوابی دایەوە شاپووری دانا
گوتی دەخیلم ئامان پادشا
نابێ عاجز بی لە جەوری جوانان
دەبێ بکێشی نازی مەحبووبان
بۆچی لات وایە شیرین بێ غەمە
بۆ تۆ، پڕ دڵی دەرد و ئەلەمە
ئەمشەو سەبر کە هەتا بەیانی
بۆ خۆت تێر بنوو بێ دڵگرانی
خۆ کۆت و زنجیر هەر دەکرێتەوە
شەو تاریکیش بێ ڕۆژ دەبێتەوە