باسی پرسیارکردنی خوسرەو لە حەکیمان لە خسوسی جوانانەوە

از کتاب:
شیرین و خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  11 مشاهده
خوسرەوی پەروێز ڕۆژێ لە ڕۆژان
لە دیوانا بوو دڵخۆش و شادان
شاهانی دونیا لە ڕۆم هەتا چین
تا ئەسفەهان و موڵکی خۆرنشین
لەپای تەختی شاهـ بە دڵێکی ساف
دەورەیان دابوو لە هەر چوار ئەتراف
ساقی چەند دەوری شەرابی هێنا
جا پەردەی شەرمی لادا پادشا
پرسی ئاخۆ لە کامین دیار
هەیە نازداری شۆخی مەهعوزار
یەکێ عەرزی کرد لە شاری خوتەن
زۆرە نازداری جوان و گوڵبەدەن
یەکێ تر گوتی لە شاری کشمیر
هەیە دولبەری بێعەیب و تەقسیر
یەکیکیش گوتی وا لە ئەسفەهان
نازداری هەیە لایەقی شاهان
عەجەب کچێکە ناوی شەکرە
هەتا حەز بکەی جوان و دولبەرە
هیچ عەیبی نییە جوان و دڵارام
لەدەست هەموو کەس دەگرێ پیاڵە و جام
هەر کەسێ شەوێک بیگرێتە باوەش
لەزەتی ئەسڵەن ناکات فەرامۆش
خوسرەو ئەمەی بیست ویستی کە شیرین
تەرک کا هەتا ببێ دڵغەمگین
عیشقی شەکری تەواو کەوتە سەر
نەیتوانی مەیلی لە دڵ بکا دەر
بەم خەیاڵەوە مایەوە یەک ساڵ
نەیهێشت تێ بگا کەسێ لە ئەحواڵ
لە پاشان عیشقی شەکر هەڵی سان
سوار بوو پادشا چوو بۆ ئەسفەهان