باسی کاغەزنووسینی خوسرەو بۆ شیرین

از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 2 دقیقه  74 مشاهده
ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دڵی غەمگین
خوسرەو کاغەزی نووسی بۆ شیرین
نووسی بیستومە زۆر پەرێشانی
لە مەرگی یارت دیدەگریانی
سا بەس بۆ فەرهاد شین و فەریاد کە
جارێکیش یاری قەدیمت یاد کە
ئەو بێچارەیە لە داغی تۆ مرد
خاکت بە سەری فەرهاددا بۆچ کرد؟
فەرهاد مرد یاخوا هەر خۆش بێ شیرین
گوڵەزەرد نەما خۆ ماوە نەسرین
دای بە قاسیدێک ڕۆیشت دەستوبرد
نامەی تەسلیمی دەستی شیرین کرد
شیرین کاغەزی خوسرەوی کە دی
زۆری پێ خۆش بوو وەک گوڵ پێکەنی
بەڵام لە قسەی تاڵی پادشا
مات و بێدەنگ بوو ساتێ حەپەسا
لەو ڕۆژانەشدا بە تەقدیری خوا
مەریەم مرد دڵی تەنگ بوو پادشا
مەشهوور بوو شیرین شۆخی مەستەچەم
ناردبووی زەهریان دابوو بە مەریەم
هەر چەند تەعزییەی بۆ دانا خوسرەو
بەڵام دڵخۆش بوو لە مردنی ئەو
لە مەرگی مەریەم شیرینی نازدار
کەیفی زۆر خۆش بوو کە بوو خەبەردار
لە بەر حورمەتی شاهی جەمحەشەم
ئەویش تەعزییەی دانا بۆ مەریەم
‏کاتێ تەعزییەی تەواو بوو شیرین‎
جوابی نامەکەی نووسی بە تەمکین
نووسی بانوی شا گەر چووەتە ژێرخاک‎
بانوی جوان زۆرە بۆچ دەبی غەمناک‎
هیچ خەفەت مەخۆ شاهی نازکدڵ
مەریەم گەنجە گەنج جێی ژێرخاکە و گڵ
وا چاکە ناوی مەریەم نەهێنی‎
ببیت بە عیسا ئیتر نایبینی
ئەگەر بت شکا با عیسا خۆش بێ
مەریەم مردووە هەر کیسرا خۆش بێ
بە مووی زوڵفی خۆی نامەی بەست شیرین‎
عادەت وەها بوو زەمانی پێشین
دایە دەست قاسید گوتی هەر ئێستا‎
تۆ ئەم کاغەزە ببە خزمەت شا‎
خوسرەو خوێندییەوە کە نامەی شیرین‎
لە قسەکانی گەلێ بوو غەمگین
لە دڵدا گوتی ئەم جوابەجەنگە
خشتهاوێژ ئاخر پاداشتی سەنگە