هەناسەیەک
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
2 دقیقه
896 مشاهده
گوڵی ژاڵە! بڕۆ بمرە هەتا جاو مفت و هەرزانە
ئەوەی دەستی بە زاخاچوو لەسەرتۆ ماڵی وێرانە
بەسە زوخاوی دەستی تۆ! بنۆشە زەهری دەستی من
هەتاکەی خوێنی گەش بتکێ لەجەرگی ئەم بەسزمانە
جەفا نۆشی بە من تاکەی، وەفا بەخشی بە تۆ تاکەی،
ڕەوشتی تۆ لە ڕاستم کەی نیشانەی وەعد و پەیمانە؟
گەلێ قوربانی گەورەم دا، بە قوربان؟ من لەڕێی تۆدا
وەرە سەیری ژیانم کە هەموی هەر قۆچی قوربانە
بەبێ پەروا ملم نا بوو گڕی تۆ، دەک ملم بشکێ
هەتا سووتا پەڕ و باڵی فڕینم چەشنی پەروانە
بە تەفرەی تو خەڕو بوو ئەو کەسەی وا تۆی بە کەس دانا
هەتا خزمی نزیکیشی لەبەر تۆ بونە بێگانە
دەبا کاسەی ئەم و ئەو پڕ لە بادەی کەیف و خۆشی بێ
ئەنۆشم هەر لەکاسەی خۆم لەبادەی خەم کەلێوانە
ئەگەر تۆ شک نەبەم ئەی دڵ! ژیانی خۆم بە شا نادەم
بەڵام داخی بەجەرگم وا لەگەڵ تۆ بوومە دێوانە
لەپێشا لایەنی تۆم گرت، بەرم دا لایەنی هۆشم
ئەوەی ئەم ڕێگەیەش بگرێ، وەکوو حاڵم پەرێشانە
دەسا تۆش بلبلی هۆشم، هەتا ماوی بناڵێنە
لەتاو باڵی شکاوی خۆت، لەتاو شێواوی هێلانە