سەرنجێکی پێویست

از کتاب:
نووسینی کوردی بە لاتینی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 4 دقیقه  4 مشاهده
ئەمانە ئەو تیپە بنچینەیییانە بوون کە لە کوردیدا بە کار ئەهێنرێن، بێجگە لەمانەش چەند شتێکی زۆر پێویست هەن کەوا ئێستە باسیان ئەکەین:
 
١. نووسینی هەمزە (الهمزة): هەمزە خۆی لە زمانی کوردیدا نییە، بەڵام هەندێ جار وشەی بێگانە دێتە زمانەکەمانەوە ناچارمان ئەکا بە نووسینی (هەمزە)، لەبەر ئەوە ئێمە نیشانەی کۆما «’»ی ئینگلیزی بۆ دائەنێین. بە وێنە: تأمین «تەئمین/te’min»، مأموور «مەئموور/me’mûr». هەندێ جاریش تیپی «ع»ی عەرەبی کە دێتە وشەیەکەوە و لە کوردیدا بە کاری ئەهێنین، ناچارین هەر بە هەمزە بینووسین، چونکە تیپی «ع» لە کوردیدا نییە و لە گۆڕین (تطور)ی «û»، «u»، «i»، «î»، «û»، «ê»وە هاتووە: بە وێنە: «عاسمان، آسمان/asman»، «عینسان، ئینسان/însan»، «عێلات، ئێلات/êlat» جا لەبەر ئەوە ئەگەر تیپی «ع» هاتە وشەیەکەوە بەم جۆرە ئەنووسرێ: «تەعمیر (تعمیر)/te’mîr»، «ئیستیعمال (استعمال)/îstî’mal»، «تەعتیل(تعطیل)/te’tîl»، «مەعلووم (معلوم)/me’lûm».
 
٢. نووسینی «ث»، «ص»، «ذ»، «ض» و «ظ»: ئەگەر شایەت تیپی «ث» و «ص»ی عەرەبیمان ویست بنووسین، هەر وەکوو «س» ئەیاننووسین واتا تیپی «s» دائەنێین لەجیاتییان. خۆ ئەگەر هات و ویستمان تیپی «ذ»، «ض»، «ظ»ی عەرەبی بنووسین ئەبێ هەر «ز»یان لەجیاتی دابنێین واتا «z» ئەنووسین بۆ هەر سێکیان.
 
٣. نووسینی گیرە (شدّة): گیرە بریتییە لە دووبارەکردنەوەی تیپێک. بە تایبەتی بۆ ئەو وشە عەرەبیانە بە کار ئەهێنرێ کە دێنە زمانەکەمانەوە. وەک: «ماددە (مادَّة)/madde»، «شیددەت (شدَّة)/şîddet» هەندێ وشەی کوردیش هەن ئەتوانرێ «گیرە»یان تیا بە کار بهێنرێ. وەک: «جاددە/cadde»، «ڕاددە/radde»، «تەققە/teqqe»، «گوللە/gulle»، «کوللە/kulle».
 
٤. نووسینی «یی» واتا «ی» درێژ: لە کوردیدا «یی» بە زۆری ئەکەوێتە دوایی وشەوە و بە «yî» ئەنووسرێ، وەک: «شایی/şayî»، «سەربەخۆیی/serbexoyî»، «دوایی/duwayî»، «خۆڕایی/xor̈ayî»، «پاییز/payîz»، «خێرایی/xêrayî».
 
٥. دوو چەنگەکەکان: هەندێ جار جۆرە وشەیەک دێنە کوردییەوە کە دەنگێکی تایبەتیان ئەوێ، وەک: خوێن، شوێن، نوێژ. لەجیاتی ئەم دەنگە (وێ)، لە ئەڵەمانی و تورکیدا تیپی «ö» دائەنرێ وەک وشەی «گوێرە/göre»، «کوێرئۆغلو/köroğlü»ی تورکی و وشەی « ...متن نامشخص» و «...متن نامشخص» ئەڵەمانی. هەروەها لە لاتینییەکەی «تۆفیق وەهبی»دا ئەم «ö»یە ناوبراوە و ئەو وشانەی سەرەوە بەم جۆرە نووسراون: «خوێن/xön»، «شوێن/şön»، «نوێژ/nöj». بەڵام زانا کوردەکانی سووریە بەم تیپە هیچ ڕازی نەبوون، بۆ ئەوەش دوو بەڵگەیان نیشان دا:
  1. ئەم دەنگە (ö) تیپێک زیاد ئەکا لە زمانی کوردیدا کە ئەتوانرێ چارە بکرێ بە بەکارهێنانی دوو تیپی باو و هەر ئەو دەنگەش بدا.
  2. ئەم دەنگە (ö) وەنەبێ هەر لە شێوەی سۆرانا هەبێ بەڵکوو لە شێوەی کوردی باکووریشدا هەر هەیە و ئێستە کوردەکانی سوریە «wê» دائەنێن لەجیاتیی، و ئەگەر بێت و «ö» دابنرێ لەجیاتی «wê» سەریان لێ تێک ئەدا و تەنگوچەڵەمەیەکی نوێ دروست ئەکا. لەبەر ئەوە ئەبێ ئەو وشانەی سەرەوە بەم جۆرە بنووسرێن: «خوێن/xuwên»، «شوێن/şuwên»، «نوێژ/nuwêj»
کە واتە دەنگی «ö» ئەبێ بە دوو تیپ بنووسرێ «wê» ئەمەش پێی ئەوترێ «دوو چەنگ». دوو چەنگێکی تریش لە زمانی کوردیدا هەیە ئەویش لەم وشانەی خوارەوەدا دەر ئەکەوێ: «زویر(زیزبوون بە شێوەی سلەیمانی)»، «سویر (سوور بە شێوەی سلەیمانی)»، «دویر (دوور بە شێوەی سلەیمانی)». ئەم دەنگەش وەک دەنگەکەی پێشوو پاش لێکدانەوەیەکی زۆر و لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ بە جوان نەزانرا تیپێکی تازەی بۆ دابڕێژرێ وەک «ŏ» یان «ō» بەڵکوو وا بە چاک بینرا کە ئەویش بە دوو چەنگێک بنووسرێ، ئەو دوو چەنگەش «wî»یە. بە وێنە: «زویر/zuwîr»، «سویر/suwîr»، «دویر/duwîr». کەواتە دەنگی «وی» بە دوو چەنگی «wî» ئەبێ بنووسرێ.