تێبینی
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
1 دقیقه
865 مشاهده
هەموو برینێ چاک ئەبێتەوە
ئێش و ئازاری بیر ئەچێتەوە
تەنها برینی هەستی ناسکە
هەر ساڕێژ نابێ، ئەشکولێتەوە
هەموو ئاگرێ بۆتە خۆڵەمێش
هەرچەن بڵێسەی بەرز بێتەوە
تەنها ئاگری سۆزی دەروونە
هەر کە هەڵگیرسا ناکوژێتەوە
هەموو ژیانێ ئەبێ بە مردن
خەیاڵی خاوە بمێنێتەوە
تەنها ژیانی مەردایەتی یە
خۆی لە چنگ مردن ئەسێنێتەوە
هەموو گوڵێکی بەهاری ڕەنگین
بە ناسۆرەوە سەر ئەنێتەوە
تەنها هەر گوڵی خۆشەویستی یە
هەتا هەتایە ئەگەشێتەوە
هەموو شەونمی سەڕپەڕەی گوڵی
هەتاوی بەرکەوت وشک ئەبێتەوە
تەنها فرمێسکی چاوی کڵۆڵە
بەقرچە قرچی خەم ئەژێتەوە
هەموو جوانیەک ئەگاتە پیری
هەرچی ڕێگایەک بدۆزێتەوە
تەنها ڕەوشتی جوان و پیرۆزە
تا سەر گرەوی بردبێتەوە
هەموو هیوایەک نائومێد ئەبێ
وەکوو بەفرەکەی پار ئەچێتەوە
تەنها هەر هیوای گەشی باوەڕە
بەبای شانازی ئەشنێتەوە
هەموو دڵێکی شەو ڕۆژی دیوە
شەبەق تاریکی ئەرەوێتەوە
تەنها هەر دڵی پەست و ماتەمە
بەتیشکی ئۆخەی خۆی ئەکرێتەوە