باسی لەشکربردنی تەمینە بۆ شەڕ لەگەڵ ڕۆستەم
از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
3 دقیقه
15 مشاهده
ڕۆژێ تەمینە زۆر ڕقی هەڵسا
سوێندی خوارد بە زات خودای بێ هاوتا
ئەبێ من هەڵسم نیقاب بپۆشم
بۆ ئێران بڕۆم بەقار بخرۆشم
شاری سیستان و قەسری زاڵی سام
بسووتێنم من بەجارێ تەمام
لەباتی قەساس خوێنی کوڕەکەم
شەرت و عەهد بێ ببینم ڕۆستەم
بە شیری هیندی لەت بکەم جەرگی
سوور بکەم بە خوێن سەرتاپا بەرگی
ئەمری کرد سوپا لەشکر دەستوبرد
حازر بوو دەر حاڵ بۆ جەنگ و نەبەرد
سیلاحی شەڕی بە قامەت پۆشا
بۆ شەڕ و دەعوای ڕۆستەم خرۆشا
تیغی ئەڵماسی تیژی پڕ خەتەر
وەکوو شێری نەڕ بەستییە کەمەر
سی هەزار سوار کەمەربەستەی شەڕ
بردی ڕووی کردە دەشت و سەحرا و دەر
ڕۆیشت بە یەلغار بە بێ مودارا
لەشکر دایپۆشی ڕووی دەشت و سارا
زاڵ خەبەری بیست بە دڵی پڕ دەرد
وتیان تەمینە خاڵان لاجیوەرد
هاتووە خوێنی فەرزەندی زۆراب
بە پەرۆشەوە بە دڵی پر تاب
ئەڵماسی بۆ شەڕ کردووە بە بەردا
شمشێری هیندی وا لە کەمەردا
کە ئەمەیان بیست ڕۆستەم لەگەڵ زاڵ
چوونە دەرەوە عاجز پەشێوحاڵ
چوون بۆ بەرامبەر تەمینەی بێگەرد
یەخەیان دڕی بە دڵی پڕ دەرد
بۆ زۆراب دایکی یەکجار عاجز بوو
ئەسپەکەی تاودا پێیان گەیشت زوو
هەڵی کێشا تیغ ژەهراوی فەرەنگ
کە بیدا لە سەر پەهڵەوانی جەنگ
زاڵ خێرا ڕۆیشت زوو بە دەستوبرد
لە دەست تەمینە تیغەکەی دەر کرد
زۆر لە تەمینە پاڕایەوە زاڵ
عوزری خواست لەلای بانووی سەوسەنخاڵ
جا ڕۆستەم وتی زاڵی زەڕ ئامان
بیکە بە حەقی حەزرەتی یەزدان
بهێڵە بە تیغ با ببڕێ جەرگم
قەتلم واجبە لایەق بە مەرگم
توو خوا جوولەکە یا گاور و فەرەنگ
کێ کوشتوویەتی کوڕی خۆی لە جەنگ؟
زاڵ وتی ڕۆڵە یەقین بزانە
ئەمە تەقدری ئەمری یەزدانە
حەکاکانی دەور مەردانی عاقڵ
هیچ کەس تەقدیری نەکردووە باتڵ
چاک وایە لەلام لەمەولا بە جووت
هەردوو دانیشن خودای جەبەرووت
بەڵکوو مەرحرمەت بکا سەرلەنۆ
کوڕێ کەرەم کا بە ئەو و بە تۆ
بکەن شوکرانەی خودای فریاڕەس
غەم هەتاکوو سەر نامێنێ لای کەس
زاڵ نەسیحەتی هێندە کرد هەردوو
بە قسەیان کرد دڵیان ساکن بوو
دابەزی لە ئەسپ بە حوسن و جەماڵ
ئیقناع بوو بە قسە و نەسیحەتی زاڵ
ئەمجا زاڵی زەڕ پیری فەرزانە
دەستی گرتن و بردنیە یانە
تەمینە دانیشت لەگەڵ فیلەتەن
بە سوورەت وەکوو گوڵغونچەی چەمەن
چەند حەفتە لەوێ غەمی دا بە باد
لەو ترش و تاڵە خاتریان بوو شاد
لە پاشان بە ئەمری خودای لامەکان
باری حەملی بوو تەمینە دیسان
نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ کە وەعدەی ڕابورد
خودا کوڕێکی پێیان کەرەم کرد
وازیان کرد دەرگای خەزێنەی شاهان
دووڕی ئاڵتوونیان زۆر کرد بە ئیحسان
ئەمجا بە جارێ غەمیان دا بە با
ناوی کوڕەیان «فەلامەرز» نا
چەند پارچە قوماش چەند خەزێنەی سام
دایان بە فەقیر و هەژار و ئەیتام
بە عەونی خودا خالقی عالەم
تەواو بوو جەنگی زۆراب و ڕۆستەم
هەزاران سەڵاوات و دروود و سەلام
لەسەر ڕۆحی پاک سەیدولئەنام