لە کوێوە دەست پێ بکەین و کێ بیکا؟

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 3 دقیقه  75 مشاهده
لە وەرامی ئەودا کە لە کوێوە دەست پێ بکەین؛ بێ سێ و دوو دەڵێم: دەبێ لە کوردستانی عێراقەوە دەست پێ بکەین. چونکە ئەمڕۆ لە کوردستانی تورکیا و ئێران و سووریادا خزمەتکردنی زمانی کوردی بە تاوانباری دەژمێررێ. دەمێنێتەوە سەر کوردەکانی یەکێتیی سۆڤێت کە هەرچەندە تا ئەندازەیەک خەریکی زمانی کوردی بوون (ئەویش بە زۆری تەنیا زاراوەیەکی شێوەی کرمانجیی ژووروو)، بەڵام ئەوانیش هەتا ئێستە لەم بارەیەوە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بێجگە لەوەش ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستانی عێراقدا هەیە، لەوێ چنگ ناکەوێ. لەمەش بترازێ ئەمە ماوەیەکە زانا کوردەکانی سۆڤێت لەگەڵ زانا کوردەکانی عێراقدا بوونەتە ئاشنا و لە داوودەزگاکانی کوردی عێراقدا هاوبەشن. کە دەڵێم کوردستانی عێراق ببێتە جێی دەستپێکردن، چونکە تەنیا شوێنێکی کوردستانە کە ژمارەیەکی زۆر داوودەزگای زمانەوانی و هونەروەریی لێیە: زانستگەیەکی لێیە کە بە هیواین بۆ پاشەڕۆژ ببێتە زانستگەیەکی کوردی، بنکەی «کۆڕی زانیاریی کورد» لەوێیە، لە قوتابخانەکاندا بە کوردی دەخوێنرێ، چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی کوردی لێ دەردەچێ، پرۆگرامە کوردییەکانی ڕادوێ و تەلەفزوێنی عێراق؛ ماوەیان پترە لە هی شوێنەکانی دی. لەوەش بترازێ کوردی هەموو جۆرە شێوەیەکی لێ دەست دەکەوێ... کوردی عێراق سەربەستتر و دەستڕۆیشتووترن لە هەموو کوردەکانی دیی جیهان. لەبەر ئەوە کوردی عێراق دەتوانن ئەوەی ئامادە دەکرێ و بڕیاری لەسەر دەدرێ کەموزۆر بیخەنە مەیدانی کارەوە و هەر لەسەر قاقەز نەیهێڵنەوە. بەڵام ئایە کێ ئەمە بکا؟
 
لە وەرامدا دەڵێم: ئەوانەی کاربەدەستن، واتا ئەوانەی داوودەزگای سیاسی و زمانەوانی و هونەری و خوێندەواری و ڕۆشنبیرییان بەدەستەوەیە. بە کورتی حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان و بەڕێوەبەرێتیی خوێندەواریی کوردی و سەرۆکایەتیی زانستگەی سلەیمانی و بەشی کوردی زانستگەی بەغدا و یەکێتیی نووسەرانی کورد و لەپێش هەمووشیانەوە «کۆڕی زانیاریی کورد». کە دەڵێم لەپێش هەمووشیانەوە «کۆڕی زانیاریی کورد»، لەبەر ئەوەیە کە ئەم جۆرە کۆڕانە لە هەر وڵاتێکدا بن، گەورەترین دەسەڵاتێکی زانستانەن بۆ بڵاوکردنەوە و چەسپکردنی هەموو جۆرە دانان و گۆڕین و چارەسەرکردنێک لەبارەی زمانەوە. بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە گۆڕێ ئەوەیە؛ ئایە ئەم کۆمەڵەی لە عێراق دامەزراوە بە نێوی «کۆڕی زانیاریی کورد»ەوە و بەم شێوەیەی ئێستەی؛ ئەم فرمانە پیرۆزەی پێ دەچێ بەڕێوە یان نا؟ ئەوە دیارە دەبێ کەمێک لێی بدووین.