وتەی نەورۆز

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 7 دقیقه  170 مشاهده
ئەم وتارە لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی ١٩٤٧ لە کۆیەمکان، خوێندراوەتەوە.
 
سەروەران: ڕۆژتان باش، جەژنتان پیرۆز، ژیانتان خۆش.
 
لە ڕێی ڕەوشت و بناغە بەستنی ئادەمیزادەوە و دامەزرانی لەم دەسکەلایە خاکەدا، بە چەند وشەیەک گوێگرتنتان تکایە. ١- تەبیات و ئەقڵ و مێژوو بڕیاریان داوە، کە ئادەمیزاد لە هەموو گیاندارێک تەواوتر دروست کراوە، هەوێنێکی یەکدگیری و کارەبایی کە لەودا هەیە لە شتی دیکەدا هێندە بەهێز نییە، جگە لەوە دەتوانێ هەر شتێکی کە لەم کانگە خاکییەدا دەربچێ بە هەموو ئەندازەیەک کەوی و ژێر دەستی خۆی بکا چ مردە، چ زیندە و، لە دەوری هەرە پێشوودا ڕێگای فێربوون و تەقەلای هەر چەشنە کارێکی پێویستی بۆ کێشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردگاری گەورە پێ بەپێ، چەرخ بە چەرخ، پیاوی زانا و ژیر و خاوەن ڕەوشتی هەڵبژاردووە کە کۆمەڵی وەخت لە ژیان و خۆشی و پیرۆزگاری دوا نەکەون. ڕۆژ بە ڕۆژ زانین و وریایی لە جووڵە جووڵ و بەرزی دابوو لە دوو لاوە: یەکەم/ زانست پەروەرەکان، دووەم/ کاربەدەستەکان. وە لە ڕۆژگاری بابە نووحشخص «کوڕەزای ئادەم»، وەکوو زانراوە یەکەمین هۆی لە ئاو ڕزگاربوون «کەشتی» دۆزرایەوە، نووح لەگەڵ چەند کەسێک کە ئازا لە ڕێگای ژیانپەروەریدا بوون، سواری کەشتی بوون. لەو لێزماتە زلەدا چەند شەو و ڕۆژێک لەسەر ئاو سووڕانەوە، تا خەڵکەکەی تری تیا بەقڕ چوون، کە ئاو نزم بۆوە بەڕێکەوت کەشتی لە کێوە بچووکەکەی «جوودی»ی لە نیشتمانی کورداندا وەستایەوە و گیری خوارد، خاک و عەرد دەرکەوت، خەڵکەکە دابەزین ئاگریان کردەوە و گەرم بوونەوە، ئینجا پەلەیان کرد کە هێندێ کوختە و هێلانە بۆ دانیشتنیان دامەزرێنن، وردە وردە پەلاماری هەموو پێویستییەکی خۆیاندا، بەرە بەرە ئاو کەم بوو، دورگە دەرکەوت، نەتەوە زۆر بوو، خواروو ژوور خەڵک هەڵکشا و داکشا، وا ئەزانم وەختیش هەوەڵی بەهار بوو کە پێی دەڵێن نەورۆز.
 
٢- کە سەرما و بایە بەهێزەکەی حەوت شەو و هەشت ڕۆژیی، هۆز و تیرەکەی حوکمدار «عاد»ی بە قڕدا، ڕەوشت و ژینپەروەران ڕزگار بوون، وەخت ڕێگای دان کە ئاگر بکەنەوە و خۆشیی لە ئەندام و ژینی خۆیان ببینن، بێگومان ئەمە چاخی نەورۆز بوو.
 
٣- «سەردەشت» کە بە ناوی «زەردەشت»شخص ناسراوە پیاوێکی زۆر بەرز و بەجێ بوو، هەوەڵجار ڕێگیری لە ئاگرپەرستەکان نەدەکرد، هەتا لە ڕۆژی نەورۆزدا بە خۆشی دڵی وان ئاگرێکی زۆر گەورەی دەکردەوە، چونکە دەیزانی ئەم ئاگرە دوو قازانجی هەیە:
 
یەکەم: ئەوەیە کە هۆزەکە بە هۆش بێتەوە کە زەردەشت ئامانجێکی تەنهایی خۆی نییە، بەشکو دەیەوێ هەموویان پێکەوە بژین و خووی ناشیرین لەو ناوەدا لەناو بچێ.
 
دووەم: دەیەویست بەهۆی ئەو ئاگرەوە کە لەو ڕۆژەدا دەیکاتەوە، وێنەیەکی تەبیاتیی نیشان بدا تا بزانن نەورۆز ڕۆژێکە هەموو جۆرە گیاندار و گیاوگۆڵ و کانگەکانی خاکیشی تیا دەژێتەوە، بە میانەی گەرمی و تەڕی هەموو میزاج و تەبیاتی لێکوەشاوە یەکدگیر دەبن و ڕوو لە زیادی دەکەن.
 
ئینجا گەورەکان، هاونیشتمانەکان، هاوخوێن و گیانەکان: لێتان ئاشکرایە کە نەورۆز شایانی جەژنە، شایانی کۆبوونەوەیە، شایانی پێکبەستنی هاوتەبیات و هاوڕەگەزانە، شایانی ڕێکخستنی هەموو ئیش و کارێکە لە پێشا بۆ ئەم گەلە کوردە، ئینجا بۆ داکشاو و هەڵکشاوەکانی دورگە. بەڵام لەگەڵ ئەوە کە هەوێن، تواندنەوە، مەیاندن، ژیان، بەرزی، خزمایەتی، تێکەڵی، جوایەزی، قاڵبوونەوە، خڵت و خۆڵ نیشانی خۆمان دەدەین لەم بەهەشت و مێرخوزاری نەورۆزەدا، داخەکەم مەرگێکی گران بە چاوی خۆمان دەبینین. ئێوە و خواتان! لەو داخە زلتر هەیە؟ لە ڕۆژی ژیانەوەت نەفرەجای مەرگت ببینی؟! ئامانجم ئەوە نییە کە ئێوە بە ڕووت و قووتی، برسی و تینوویی، بێ چەک و بێ هێز، نەخوێنی یەکتر بمژن، نە بەگژ خەڵکیشدا بچن، چونکە «کە زۆر هات قەباڵە بەتاڵە»، «کە کەسیش نەبوو ڕەجەب دەبێتە سەر پاڵە». ئامانجم ئەوەیە کە ئیمڕۆ جەژنی دڵە، جەژنی گوڵە، جەژنی تەبیاتە، جەژنی ئادەمیزادە، جەژنی گیاندارە، جەژنی گیاوگۆڵە، جەژنی خاک و کانگەیە. ئەم ڕۆژە بوو تەبیاتی گیانداریی بابەئادەمی هێنایە دەرەوە و، بەشی زیندەوەر پەرەیسەند، گژوگیا لە ماتییەوە ڕووی لە بەرزی کرد، هەموو شتێکی تیا سەربەست و ئازاد بوو. گەرمی و تەڕی، هەموو جۆرە کردەوەیەک دەخەنە بەرکار، پێکەوە دەتوانن دوژمن بکەنە دۆست، دوور، نزیک بکەنەوە. ساردی و وشکی لە سەختی زیاتر نابەخشن. ئاگری نەورۆز تەنها دەستمایەیێکی دینی نییە، بەڵکو دەزگایەکی قەبەی تێگەیاندنە بۆ «تواندنەوەو مەیاندن - تحلیل و ترکیبفارسی» لە هەموو سەرچاوەیێکی پێویستدا. بەڵام بە هەزار ئاخ و داخ و مەخاوە، هۆزە هەژارەکەی کورد بەم هەموو ڕێوشوێن و ئاگرەوە، لە ڕێ بەجێما و، لە ماڵ دەرکرا و، لەسەرما قەسراوە. خەڵکی، بێ مامۆستا، لەخۆوە هەستا، لە ڕێ ڕانەوەستا، لە ماڵەوە پشتی بەستا، لەبەر ئاگری گەرموگوڕ وەستا، بووژایەوە دەس بەکارەوە، بە گەنجی بێ ژمارەوە، لادێی کڕی بەشارەوە، دەمی بە پرسییارەوە، ڕۆیی بە ڕوویی یارەوە، کەوتە کانگەی بەهارەوە، غەرگە و تەزبیح و ساویلکەیی، پیرێژن و نەزان هەڵخەڵەتاندن، بستە لێدان و مناڵ سووڕاندن، بە قسەی پان پان خەڵک گریاندن، ئەمانە ڕیشەی جەرگی پساندن!.
زەمانم خرتە، زمانم کورتە
ژیریش بم، گوێم هەر لە پرتە پرتە
جەژنە برا گیان، یاخۆ گێژەنە
بڕە و مەنداوە، یا قووڵ، تیژەنە
مەلەش نازانم، خنکانم ڕێکە
مردن جارێکە، یار هەر یارێکە
گیانلەبەر هەموو بە کاردروستی
بچووکی خۆیان هێنایە مەستی
لە نەورۆزی گەش، ڕۆژ و بەرخۆلە
چادریان هەڵدا، لە ڕوویی هەستی
هەموو تێگەیین، مار و مێروولە
هەر کەس ڕیسی خۆی تەنیو و ڕستی
هەر جۆرە گیا، ڕووی کردە بەرزی
بە ڕەنگی گوڵان، مەندیلی بەستی
بەشی داروبار، بە جاحێڵ و پیر
مێیەی بە بەرهات، نێر، گوارە گەستی
پڕۆتۆن لەگەڵ ئەلیکترۆنی
هەموو ئیشی خۆی گرتۆتە دەستی
هەوارگەی پیرۆز، بە خۆراکی شین
دایە سپی شیر، شیرین و خەستی
دوڕندە، هەموو مل پان و قەڵەو
هەرچی تێهەڵدا، لەناکاو خستی
لە ڕووبارەکان، سەرکەوتن ماسی
ژاری تێ باوە، بۆچ ڕادەوەستی؟
چەند قەلەندەر و هەژار بوو، خەڵک
تۆ بێ درێشەی، بمرە بە مستی
چەند ڕۆژی نەورۆز هات و، بەسەردا
لە خەوی شیرین، نەمدی هەڵستی
کار و زانینت، ڕەوشت و ڕێکیت
هەمووت هەر دەمە و، قسەی بە قەستی
بە چاولێکەریت، ڕازیم برا گیان
چونکە لەگەڵ دڵ، تۆ بەرهەڵستی
دەماخت وەکوو بادامی پووچەڵ
خەڵک باخی تۆی پێوا بە بستی
پشکۆتخلص کوژاوە لە کوورەی خەمان
فرۆشا، لەناو بازاڕی چوستی
باوەشێن کرا، بە دەستی کڕیاڕ
شتی پێ جۆشاند، بە چل و شەستی
توێکڵی فڕێدا، تا بوە خۆڵەمێش
واتە، ئەیبینی مەیدانی سستی
 
هەر بژی نیشتمان، هەر بژی کۆیە، هەر بژی قائیممەقام، هەر بژی کۆمەڵی دانیشتوان.