لە ناخی دەروونەوە

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 1 دقیقه  468 مشاهده
جار جار شەپۆلی هەستێکی بێ بن
دێ ئەشڵەقێنێ گۆمی بیری من
کەدێ شەپۆلی ئەو هەستە قووڵە
دەریای دەروونم ئەخاتە جووڵە
ڕاپێچم ئەکا بەرەو ڕابوردوو
ڕابووردووی وەکوو گوڵی: بابردوو
ئەو ڕابووردووەی ناگەڕێتەوە
گوڵێ کەسیس بوو ناگەشێتەوە
دێنێتە یادم: ژینی بەسەرچووم
ڕۆژانی تاریک، شەوانی پێشوم
ئەودەمەی ژیان بۆ هیوایە بوو
مەبەستی تەنیا بۆ بڕوایە بوو
گیانم شەکەت و لەش چەوساوە بوو
کەچی دەروون و دڵ حەساوە بوو
زیندان تا بڵێی تاریک و تەنگ تەنگ بوو
بەرەو ڕوناکی گوێم هەر لە زەنگ بوو
خوێن گەرمی جۆشی هەوڵ و خەبات بوو
ئاگر خۆشکەری ژێر ورەوزات بوو
هەنگاو ئاڕاستەی ڕێیە بوو پیرۆز
بەگەل، بەبڕوا، بە مەبەست دڵسۆز
دڵ پڕ لە عەشقی میللەت پەرستی
هۆی لێدانی بوو گەل خۆشەویستی
دوای ئەوە ورد ورد ئەو بیر و هەستەم
ئەمگێڕێتەوە بۆ ژینی ئێستەم
لەم هات و چۆیە دەرسێ وەر ئەگرم
زمانی حاڵە هەتاکوو ئەمرم:
هەرگیز نامرێ باوەڕی زیندوو
بەکارەساتی ئێستە و ڕابوردوو