گەشتێک
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
2 دقیقه
917 مشاهده
لە شوێنێکم لە جوانیدا ئەڵێی بەهەشتە
هەموو گیانم لێ بۆتە چاو، نیازم گەشتە
کەیلی بزەی لێوی بەهار خەیاڵ و هەستم
لەبەر بۆن و بەرامەی خۆش پڕ بە دڵ مەستم
سەرنج ئەدەم لە گوڵاڵەی ئاڵ و سەوزە گیا
لەئاوی ڕون، لە چروی دار، لە بەرزی چیا
لە ڕەزوباخ، لە سێبەری ژێر سورەچنار
لەداری گوێز لەگەڵای توو لەپەلکی قونار
لەپەپولەی باڵ نەخشینی جوانی ڕنگاوڕەنگ
کەچۆن ئەفڕێ لەبەر دەمما دڵ پڕ لە ئاهەنگ
لەو مەلانەی بە گۆرانی خۆیان ئەنوێنن
لەسەر لق و پۆپی دار و دەوەن ئەخوێنن
لەدیمەنی خەم ڕەوێنی پولی بەرخ و کار
کەچۆن ورد ورد پێ شێل ئەکا سەوزەگیای بەهار
سەرنج ئەدەم لە بەهار و لە بەهرەی جوانی
کەنەک دلێ، هەزاران دڵ ئەبن حەیرانی
هەزار خۆزگەم خواست بەوانەی لەوێدا ئەژین
بەدڵی خۆش، دەرونی شاد بەسەر ئەبەن ژین
وەک پەپوولە، یان فریشتەی ناوباخ و گوڵزار
تێر تێر ئەمژن بۆنی گوڵی بەهەشتی نازدار
ئینجا ورد ورد هەنگاوم نا بەرەو ئاوایی
لەو دێبەر و باخە خۆشەم کرد ماڵ ئاوایی
وام ئەزانی خەلقی ئەوێ شاد و دڵخۆشن
وەک ئەو تاوەی ژیانی من مەست و سەرخۆشن
لە شادی دا، وەک شازادە نیشتەجێی تەختن
هەڵ ئەپەڕن، بەستە ئەڵێن، خاوەنی بەختن
کەچی سیما بۆی دەرخستم چەن بە سکاڵان
بۆ باڵای خەم، بۆ مەینەتی بە وێنەی کاڵان
بۆی دەرخستم هەرگیز جوانیی دیمەنی بەهار
سارێژ ناکا زامی دڵی پەست و بریندار