پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی ئەدەب

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 3 دقیقه  205 مشاهده
با بێمەوە هاواری دڵ و خاک پەرستان
میللەت بخووڕن، هەر وەکوو شێران لە نەیستان
تا سەربکەوێ خاکی وەتەن، وەک گوهەرستان
«ئیمشۆکە بڕازێتەوە ڕیزەی گوڵ و بوستان
قەت هەڵنەوەرێ گوڵ لە تەمەن، جان لە تەنستان»
کۆمەڵ بکەن و، ڕێکی بخەن زینەتی مەوتەن
لاوانی عەشایر، کوڕە جاحێڵی تەهەمتەن
بگرن بە هەوەس، دەستی برایانە لە گەردەن
«بادە بەسە بۆ بێن و، بدەن مەی، بە خەمی دەن
ئیمشۆکە شەبوستانمە، با بێتە گوڵستان»
ئێمە بە چ حاڵێکەوە مردین و گرفتار؟!
خوێنی دڵ و چاومان ئەڕژێ، تاڵە لەب و زار
گەر بێت و لەمە هەڵبکەوێ گەورە و سەردار
«چەند خۆشە لە پڕدا، کە دڵارامی وەفادار
خۆی بێتە عیادەت لە نەخۆشان و لە خەستان»
پاشا بە عەدالەت بێ لەگەڵ میللەت و ڕەعیەی
پۆل و سەفی دوژمن، وەکوو تۆمار بکا تەی
لێدا بە بەشارەت لە وەتەن، چەنگ و دەف و نەی
«خۆشتر نییە بۆوەی کە نیساری قەدەمی کەی
سەد جانی عەزیزت، نە بەدەستێ، بە دوو دەستان»
هەر کەس کە ببینی لە چەمەن، یا سەری کێوان
بیکەی بە برای خۆت و، نەبێ پەردە وو نێوان
هەرچی کە بگەی پێی و تۆ بیکێشییە گریوان
«جارێ شەکەری لێوی ئەوەند بمژی بە لێوان
شەهدی شەکەرت بتکێ لەبن ناخونی دەستان»
بەزمێکی یەکیی بێنییە ڕوو، خۆت کەیە نەعلی
تەبعی بگری، هەڵبکەنی ڕیشەیی جەعلی
وەبزانی لە پەردەی وەتەنا، وێنەیی بەعلی
«جارێ سەری کوڵمەی بگەزی، گاهـ لەبی لەعلی
گەهـ بنکی دوو مەمکی بگری، گەهـ سەری پوستان»
شیرین و تەڕ و شۆخە وەتەن، دڵبەری میللەت
قازانجی دڵ و گیانە، ژیانی سەر و دەوڵەت
جارێ کە بکا مەیلی عەدو، خۆشە بە هیممەت
«گاهـ زەحمەتی دەی، گاهێ نەدەی، گاهێ بە تەیبەت
ڕێکی بگوشی، عوزر پەزیرایە لە مەستان»
بووکی وەتەنت، هەر کە بە تۆ ناز و ڕەهی دا
بۆ کردەوو بۆ مەعریفەتت، گەنجی شەهی دا
بەو مەعدەن و بەو سککە کە هات و نیگەهی دا
«ئەمجارە قەدی خۆت، لە قەدی سەروی سەهی دا
باڵێنی وەکو مار لە نەخلی عەرەبوستان»
ئاخۆ بە دڵی شاد ئەبینم کە چرا دێ؟
بەزمی وەتەن و ڕێکییو عەدل و سەر و پا دێ؟
ڕاجیتخلص، بە سوئالێک و جەوابێکی بەقا دێ
«تاکەی «ئەدەب» ئەم عوشرەتە، هەر تاکو نیدا دێ
مردووت بمرێ هەستن، ئەوا مردوو هەڵستان»