سەیری فنجانی مەم و، بادەی دەمی زیبا ئەکەم

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 3 دقیقه  228 مشاهده
سەیری فنجانی مەم و، بادەی دەمی زیبا ئەکەم
یارمەتی چاوی خومار و، ماچ مەزەی ڕەعنا ئەکەم
ڕەسمی شاباشی لە هەڵقەی پەرچەمی مینا ئەکەم
یانەیی بەختم لە سینەی گوڵشەنی سەلما ئەکەم
شانشینیی خۆم لە کوڵمەی کەهرەبەی سیما ئەکەم
جووتی شاهێنی برۆی، پێویستە بۆ شاڕاوی دڵ
نەشتەری موژگانی بۆ شیشە و قولاپی شان و مل
دانەیی خاڵی لە داوی عیشقدا بۆ تەیری زل
ئاگری لێوانی بۆ برژاندنی زامانی کوڵ
نەرم و نۆڵە، چەندە شل شل قامەتی سەودا ئەکەم
مەیکەدە و لۆقنتەخانەی بەزم و سۆزی «ڕەحمەخان»
ڕایەڵە و باڵ هەژانی بیدعەت و، شۆری زەمان
نازی پڕ ئاواتی چاوی، عیسمەتە بۆ نیشتمان
نامەوێ بەرگ و معاش و، سیستەری بێگانەکان
خەستەخانەی گیانی زامارم، لەبی لەیلا ئەکەم
شەڕ لەگەڵ کەس ناکەم و، سوودی ڕیایی، نامەوێ
شت لە کەس ناخوازم و، باراشی مەرگم داکەوێ
من خەوی مەستیمە دایپۆشیوم و قەت قەت ناڕەوێ
بیری پارە و مامڵەت و بازاڕ ناکەم هیچ هەوێ
کۆنە پیشەی خۆمە خۆم ڕیسوای قەدی تووبا ئەکەم
دەوڵەتی گریەم هەیە، وا پڕ عەقیقە دامەنم
ڕێنجبەری عیشقم، لە ئیشم گرتوون گیان و تەنم
پیاوی ئاغا و شێخ و بەگ نیم، تووتی ئاسا پێکەنم
ئەو نەمامانەی خەڵک چاندوونی هەڵیان ناکەنم
دوژمن و دوڕندە نیم، چۆن کاری بێ پەروا ئەکەم؟
گەر لە سایەی نازی دڵبەر، پاکەتی «لۆکس» ئەخۆم
گەر بە سەرخۆشی، وڵاتی عارەب و فارس ئەخۆم
گەر بەری پێ ڕانەگەیوی هەر دڵی ئاوس ئەخۆم
ناوبژیکاری وەتەنم و، هەردەمە بۆکس ئەخۆم
سەد شوکر، توانام هەیە لەم خاکە ئەملاولا ئەکەم
باسی سێو و سەرو و بێ ناکەم، لە ئەم دامێنەدا
چون دڵارامی بەنازم، لەو دەمەی بێ وێنەدا
ناکرێ باسی تەواوی، تا جنێوم پێ نەدا
شەرتە لەو گوڵزارە تا بەو لێوە میوەم لێ نەدا
پاسی ناڕێکی و گەزەندەی حورمەتی تەنیا ئەکەم
باس و جاسووسی لەسەر کەس ناکەم و، ناکەم هەرا
ئیش لە کەس تێک نادەم و، نادەم بە ناکەس پرس و ڕا
هەر مشووری خۆم و هۆزی خۆم ئەگێڕم، وەک برا
گەر لە کاتێکی دەر و تەندووری هیوا داخرا
قۆڵ لە سۆزا هەڵئەکەم، تا شل ئەبم هەر ڕا ئەکەم
دەوری پارە و پوول و مامڵەت تێپەڕی، دەوری دڵە
ڕەنگی باران و بریقە و، بولبول و باغ و گوڵە
ساز و نەی، قانوون و چەنگ و بەڕبەت و سەرهەنگڵە
هەرچی لەم مەیخانە دوورە، عاشقی مەرگ و گڵە
هەستە ژیکۆتخلص چاو لە من کە، سەر پڕی سەهبا ئەکەم