کێ بوو؟

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 1 دقیقه  941 مشاهده
کێ بوو لە تاریکی شەوا
لە سەردەمی شیرین خەوا
بۆ گەلی دیل و بێ نەوا
بوو بە پێشمەرگە و پێشەوا
***
کێ بوو بۆ ژینی سەربەستی
گیانی خۆی خستە سەردەستی
بەرەو ئەو نیازەی بەستی
وتی: نامەوێ ژێر دەستی
***
کێ بوو بەرەو قەڵای دوژمن
بە گیانی خۆ بەخت کردن
کەوتە شەڕی ژین و مردن
تا ڕیشەی دەرهێنا لە بن
***
کێ بوو بۆ عەرەب و بۆ کورد
نۆکەرانی لەت و پەت کرد
ئیستعماری بەو دەردە برد
بڵێ: ئەو باوکەی ئێمە مرد
***
کێ بوو زنجیری تێک شکان
قەڵای باستیلی هەڵتەکان
ئازادی دا بە دیلەکان
ناپاکی دایە بەر تەکان
***
کێ بوو بە پشتیوانی گەل
بۆ سەرکەوتن گەڕا لە هەل
تا ئەو ڕۆژە دەرچوو لە کەل
ناحەزی تیا بکا پەل پەل
***
کێیە ویردی سەر زمانە
جگەر سۆزە قارەمانە
ئازادکەری نیشتمانە
هەقی زۆری لە سەرمانە