دڵم پشکووت و ئیمشەو با ڕەوا بێ
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
2 دقیقه
170 مشاهده
دڵم پشکووت و ئیمشەو با ڕەوا بێ
ئەگەرچی پایزیشە، هەر سەبا بێ
نەما ئیمشەو کە قەدری لەیلەتولقەدر
دڵی خەڵقی، دەبا بەم شاهە شا بێ
قسە و گوفتاری چەشنی شیر و هەنگوین
بە لێوی ئێمە دایم داڕژا بێ
عەزیزی بۆ وەتەن وەک ئێمە سووتاو
خودایا، دوور لە ڕووی دەرد و بەڵا بێ
ئەنیس و مەحرەمی ڕاز و دڵ و دین
سەر و گیانی منی هەردەم فیدا بێ
لە کوردستانی شادی و فەنن و پێشچوون
هەتا ڕۆژی دوای، نوور و زیا بێ
لەسەر لێوی نیاز و نازی کوردان
وەکوو ئاونگی ڕوخساری گیا بێ
بە دەم نەورۆزی بەختی کۆمەڵی کورد
جریوەی موشتەری و زوهرە و سوها بێ
حەریفێکم ئەوێ، وەک من لە عیشقا
بە سووزەی ڕوویی هۆزی، سووزیا بێ
بە تاری زوڵف و، عوودی دەست و ئەنگوست
پڕی چەنگی، لە جەرگمدا سەدا بێ
بە ناوچاوانی ساف و چاوی بینین
وەتەن ئەمجا هەموو دەردی دەوا بێ
بڵێسەی کەشف و حیکمەت، دایە کەللەم
ئەبێ قاپی نەزانین داخرا بێ
ئەدیبێکی تەڕ و بەرز و لەبیبە
لەناو یارانی مانا، ناسرابێ
زمانم لەنگە بۆ ویستەی زەمانم
قەڵەم ساغە لەگەڵما، تا شکا بێ
منیش هەروەک قەڵەم، تا لێو بڕاوم
دەبێ پیشەم هەموو حەمد و سەنا بێ
نە وەک قاقەز، لەگەڵ نیشتمان و میللەت
بە زوڵف و، خاڵ و خەت، کوڵمەم سیا بێ
لە عالەمدا عەزیزێکم موعینە
ڕەئووفی دین و دونیاشم پەنا بێ
ئیتر پشکۆتخلص، ڕجاکارم لە مەردان
لە بەرزی تێ بکۆشن، کورد گوشا بێ