هیوا

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 1 دقیقه  1966 مشاهده
هیوا لە ژینا ڕێ پیشاندەرمە
وێڵ و ئاوارەم هەر ئەو ڕابەرمە
بۆ لووتکەی بەرزیی پاڵ پێوەنەرمە
بۆ شەڕی ژیان قەڵا و سوپەرمە
خۆراکی گیان و توێشووی سەفەرمە
بێ هیوا، ژیان: زیندانی تەنگە
تاریک و نووتەک وەک شەوەزەنگە
هیوا هەڵدێنێ چاوی خەوتنم
ئەبێتە مایە و هۆی سەرکەوتنم
بە جووڵانەوەم، بە نەسرەوتنم
بە هەڵسانەوەم لەپاش کەوتنم
بێ هیوا، ژیان: وشک و بێ تامە
بێ پاشە ڕۆژە، بێ سەرەنجامە
تەنها بە هیوا دڵ ئەکرێتەوە
دەروون زاخاوی پێ ئەدرێتەوە
گیان ژەنگ و ژاری خۆی ئەسڕێتەوە
ورە و هێز جێگای زووی ئەگرێتەوە
هەنگاو گرەوی پێ ئەبڕێتەوە
بێ هیوا، ژیان: نائومێدییە
ڕەنجەڕۆیییە، نامرادییە
هیوایە ساڕێژ ئەکا برینم
ئەسڕێ فرمێسکی چاوی گرینم
گریان ئەگۆڕێ بە پێکەنینم
خۆشی ئەخاتە دڵەی خەمگینم
شەبەق ئەبەخشێ بە شەوی ژینم
بێ هیوا، ژیان: پەست و ناخۆشە
گوڕستانێکی مات و خامۆشە