سەیری لەبانی خونچە کەن، بە ڕوویی ئەشکبارەوە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  145 مشاهده
سەیری لەبانی خونچە کەن، بە ڕوویی ئەشکبارەوە
سەیری دەماغی گوڵ بکەن، بە چاوی ئیعتیزارەوە
فەسڵی سەفایی نێرگسە، لە مێرگ و ئاوەزارەوە
چاوی سپی بە دەرئەخا، بە زەردەخەندەی پارەوە
سەیری چیا و چۆڵی من، کوردیی نیشان ئەدا بە تۆ
بە سێو و بێو و خارەوە، لە سونعی کردگارەوە
لە گەنجی کونجی مەیکەدە، ساقی کە دێتە مەیکەشیی
بە نرخی میللیەت ئەچێ، بە بورجی پڕ نیگارەوە
کشاوە تەرحی تاج و پەڕ، لە ماچی لەعل و نۆشی دەڕ
بە خەدد و خەتت و خاڵەوە، بە ڕەونەقی عوزارەوە
نەقدی بەهەشتە گوڵشەنم، ڕەنگین لیوایە نیشتەنم
سایەی هومایە هەر تەرەف، لە ناوە یا کەنارەوە
نەوڕەستە مۆرد و سەوسەنە، شمشاد و کاج و مۆزەنە
هەر یەک بە سۆزێ دێتە ڕوو، بە سازی ئیعتیبارەوە
هەریەک لە عاشقانی مەی، بە بەزمی جام و تاجی کەی
بە تەرزی مونتەزەم ئەچن، بە پیری ئیشوکارەوە
وەتەن پەرستە میللەتم، لە ڕەوت و زەوتی سەنعەتم
هەموو خەریکی فرسەتن، لە ڕوویی کارزارەوە
مەی، ناوی ئیتتیفاقییە، سەنعەت نیزامی ساقییە
زوڵفی بە خەم نیفاقییە، لەسەر هەتاکو خوارەوە
دەف، شەوقی پڕ نەژادییە، نەی، بانگی عەدل و شادییە
شاهید بە مەردی دێتە سەر ژیان و ئیختیارەوە
دڵبەر کە شاهی عادڵە، کامی لەبی دڵ حاسڵە
بە چاوی پڕ خومارەوە، بە تیغی ئاودارەوە
خوڵاسە میللەت چیمەنە، وشکی و تەڕی لە دامەنە
بە نەشئەی لالەزارەوە، بە خاک و ئاو و دارەوە
لە بەختی سەختی بێ کەسی، لە تەوقی عەوقی موفلیسی
نایە بە ڕوویی کار، یار، بە دەست و جام و یارەوە
حاسیڵ، وتاری ڕاجیتخلصیە، نەتیجە ئیندراجییە
لە هات و قات و زارەوە، لە قەلب و جان و زارەوە