دڵ لە ڕێی ئەو شۆخەدا، وێنەی سەمەند و دوڵدوڵە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  215 مشاهده
دڵ لە ڕێی ئەو شۆخەدا، وێنەی سەمەند و دوڵدوڵە
گەرچی ئەو شۆخە لەگەڵ ئێمە، هەموو دەم دوودڵە
چاو لەبەر لێشاوی فرمێسک و تنۆکی ئارەقە
لێڵ و سوێر و کول بووە، بێ سوودە پونگ و قڵقڵە
هێندە هەوڵمدا کە پێک شا بین و، باوەش دەم لە تۆ
کۆیی سنجاقم فڕێدا، گەیمە خاکی «قوڵقوڵە»
وەک قەلی باڵ و دەماخ و دڵ ڕەشە، ئیمڕۆ ڕەقیب
کلکی سەرباڵێک درێژە، وا دەزانێ هەر قوڵە
هێندە ناسک سینەیە، لامل زەرە، زیوین تەنە
وەک وڕەی لۆکە و حەریرە، ناسک و لووس و مڵە
وەختێ ئەمتۆقێنێ بەو تۆقەی سەر و ئەگریجەکەی
وەختێ من پەل پەل ئەکەن مێخەکبەن و ئەو پڵپڵە
چاوی سەرخۆشی توە، گیانی نەخۆشی ئێمەیە
کوڵمەیی سوور و سپیتە، ڕووی منی زەرد و بڵە
بوومە بەحری گریە وو زاری، دڵیش گۆزەی گڵە
ئەم شکا، ئەو هەڵچووە، بەشکم بڕسکێ ئەو گوڵە
گەر دووای مەرگیش، دراوسێ بین لە گۆڕستانەکان
بەینی گۆڕی هەردوولامان، ئەیسمم وێنەی وڵە
دڵ لە ڕێگای چاوەکانت، چەشنی دێوی سەرچڵە
هەر وەکوو ئەو ڕوومەتە لاسوورە، سێوی سەرچڵە
هەستە بیبینە قەدی شۆخی، بە سینە و مەمیەوە
ڕاجیاتخلص، هەر بیچنە، بیشکێنە مەغز و کاکڵە