ڕەوشی خراپی بینای مزگەوت

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 3 دقیقه  207 مشاهده
مزگەوتە تەویلەی کەر و گۆلک، چ خەرابە
بۆ مێش و مەگەس بۆتە موقەددەس وەکوو کابە
تەعتیر و بخووری هەمەدەم قشپل و ڕیخە
پێویستە «مەلا»ش بێتە جەماعەت بە ئینابە
مەنزڵگەهی منداڵ و قومارە، بە جگ و فلس
بۆ سەربەسەری، پڕ عەرەق و دەوری شەرابە
دیوار و حەساری هەموو وێرانە بە ڕووخان
وەک عاسیمەیی کۆمەڵی بێ دایک و بابە
ئەو نوێژە چ نوێژێکە، کە ئەکرێت لەوێدا
هۆزێکە، پەرستێنەری مەولایی عیقابە
ئەو هەلهەلە و زیکرە، کە ئەڕوا بە سەمادا
لەو مەزبەلەدا گشتی دوعای فیتنە موجابە
شوانێکی وەکوو من، دەرەقەت گۆلکێ نایا
کابان، چ هەوێزێکی دەماڵێ؟ بەتەما بە
کەر، حەزرەتی ئەسکەندەر و من بوومە ئەرستۆی
گەر دین ئەپەرستی، بە هەموو ڕێگە ڕەزا بە
پێویستە لەسەر شانی مەلا خزمەتی مزگەوت
ئەم دێیە سوئالی هەموو بێ قەید و جەوابە
پێستیشی نییە، مەغزی ئەوێ میری موبارەک
وا دیارە هەموو کاری تەرازوو، بە قولابە
بەو بۆن و بوخارە، کە مەلا کاسە هەناسەی
وەک مەستی هەوای ڕەشبەڵەک و دەنگی ڕوبابە
چونکە بە هەموو شێوە، زمان دێتە سفارش
بێ عەیبە بڵێن، خاڵەمەلا تۆخی شەرابە
ئەم وەعز و ئەحادیسە، کە ئەڕوا بە هەوادا
وەک بایەکی ناوەخت و، وەکو فوو لە جەڕابە
من خاوەنی زانست و هونەر، بوومە قومارچی
بەو پووچەڵی سەرفیترە، مەلا، حاجی شەهابە
ڕەببی! بە خمی بگرە، بەڵام دوور لە کەنیشتە
دووربە لە مەلا، یەعنی بڕۆ مالمی چا بە
خۆزیا ڕەبەنی دێرە ئەبووم، عائیلە وازی
نەک هەڵگری ئەم غەیبەت و بوختان و عیتابە
گشتی بە قسە خزمە، بە یەزدانی تەعالا
گشتی بە عەمەل، هەمسەری شەیتان و دەوابە
بڕوانە موسڵمانیی و، بڕوانە موحەممەد
ئەم هۆزە بڵێ چۆنە بەرامبەر بە سەحابە؟
فەرقێکی نییە، تۆ کەر و من عەینی مەلا بم
تۆش هەر وەکوو من مونتەزیری ڕۆژی جەزا بە
گوێم هەردوو زرینگانەوە، بەم وەحیی سەماوی
«اللُّسنُ شرارٌ، عَمَلُ الخَير كِتابَةعربی»
ئیشێکی بکەم، مامە، بە زانینەوە ئەیکەم
وەک تۆ بە کەریی نابێ، بڵێم: دایکەنە، دابە
تابیع بە ئیمامێک و، ئیمام تابیعی قەومی
تا دوو سەرە بێ، ئێستە ئەڵێم: عەینی سەوابە
هەرچی بیەوێ کەشفی حەقایق، لە وتارم
بیخاتە سەری، تالیعی ئەنگوستی سەبابە
داوایی دوو کەس، ڕاستە یەکی و ئێکی درۆیە
خۆی پیچە، ئەڵێ: وەی لە مەلا پیاوی خەرابە
ڕاجیتخلص وەرە سا مەیخەرە ژێر پێ، نەتەوەی بەخت
بیستێنە لە یەزدان و، بەڕووی ئەو گوڵە شا بە