کارەساتی هێرشی کوللە زەرد
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
5 دقیقه
204 مشاهده
کە وەختێ ئاشکرا بوو سووچ و تاوان
بەڵا وەر بوو، بەناو قەومی موسڵمان
لە ساڵی نۆسەد و پەنجا و سێدا
هەژاران کەوتنە فرمێسک باران
لە لایێ گەنمە سوورە ژەنگی لێدا
لە لایێ دڕک و داڵ، زیوان و زیزان
لە لایێ بوو تەمای خەرمانە ڕەشکە
بە دەس منداڵ، گەلێکی هاتە سووتان
سەپان و مامەجوتیار، دڵ بە غەم بوون
دەماری پشت و دڵیان کەوتە هێشان
لەناکاو، جگ لەوانە، لەشکری زەرد
هجوومی کرد، بە سونگی هاتە مەیدان
بە نێر و مێوە تێکەڵ، وەک هەڵاتە
هەلوعە و، تێری ناکا خاکی کوردان
کە سەیرێکی هەوا و ئاو و گیای کرد
هەموو بوونە عیشقباز و گرانجان
یەک و دوو سواری یەکتر بوون، هەوایی
کە گرتی ڕووی زەمین و، پۆشی ئاسمان
یەقینی کرد، بە دەس ئێمە ئەفەوتێ
گەرای دانا، لە وەرد و ڕەمڵ و دەشتان
حکوومەت کەوتە پرسیاری ئەهالی
بە قانوونی زیراعەت هاتە جەولان
بەلاغی دایە مەئموور و موفەتتیش
کە پۆلیس چوونە سەر موختاری گوندان
نموونەی هەڵکەنن، جێگەی بزانن
هەتا میزانییەی کەن، گورج و چەسپان
کە مەعلووم بوو، لە مەئمووری محەللی
خەریک بوونە قسە و بەرقییە لێدان
وەزارەت کەوتە تەخسیسی مەساریف
بە دامەزرانی چەند لیژنە لە گەنجان
بە هەژنۆ ڕۆژ کەمتر، ئەو کوللەی زەرد
ژیاوە، کاکە! وێنەی ئاوی تۆفان
بە سوڵتەی خۆی موخەووەل، «مستەفا بەگشخص»
کە مەئموورە لە کۆیە، بێگی جافان
بە بارخانەی جەلب کردن، عەقاقیر
سەم و گونییە و کەپەک، بێ حەدد و حوسبان
لە شەرقی کۆیە، داینا دوو موراقیب
ئەوانیش «واحید ئاغا» و کاکە «ڕەحمان»
چ تێکۆشەر، نەبەز، گەنج و دلاوەر
تەهەمتەن، کیمییاوی، مەردی مەیدان
کە هەر ئێکە، بە لیژنێکی کرێکار
خەباتیان خستە دەشت و چۆم و گردان
توڕومبێلێکی لۆری، وەک فڕۆکە
ئەکێشێ، گشتی پێویستی ڕەز و بان
شۆفێر کاک «ئەحمەد»ە، وریاوو ئازا
قسە و ڕوو خۆش و، لێوی پڕ لە خەندان
لە لیژنەی ئێمەدا، ئەمن و «فەقێ حوسێن»
نیشاندار و، جڵەوکێش و، قوماندان
دوو «عەبدوڵڵا»، یەکێ کۆیی، ئەویتر
دلێرێکی بە ناوبانگە، لە «بەرزان»
لە ئەسڵی هۆزی کوردە، «لاوە میرزا»
دوو ئامۆزا، بەڵێ «تۆفیق و عوسمان»
موڕەتتەب «مام تەها»یە، ئەسڵی خۆشناو
«سمایل»، حاریسی خەزێنان
وەڵاغدارێکی عەنتیکە، «کەریم بەگ»
سوواری ئەسپە بۆرە، وەختی بازدان
سەرۆکی لیژنە، «عەبدولواحید ئاغا»
غەفووری، خانەدان و خاوەنی شان
سەرۆکی لیژنەیی «دۆندار» و لای «کۆ»
حەوێزی، گەنجی جێدار کاکە «ڕەحمان»
کە «ئیبراهیم»ە، مۆسیقا لە جەنگا
هەمووی سەرخۆشە، گشتی، گەنج و لاوان
هەموو، وەک پاڵەوانی ڕۆژی داوا
هەموو ئوستاد و، خاوەن ڕێز و مەعلان
هەموو ڕۆژێ، لە لایێ بانگ و هاوار
کە لەشکر هاتە ناو تووتنان و ماڵان
«حسێن خاتوون»، کز و سەرسام و ساوا
لە ناعوور و، پیاز و، شەتڵ و، بێستان
سەدایی «یادگار» و «مامە زەینەڵ»
لەگەڵ «ئەحمەد مەجید» و، کاکە «قوربان»
کوڕە هیچمان نەما، مردین لە ناو پاس
دەسوبرد کەن، نەوەک بخوا مناڵان
لە زەرفی چەند ڕۆژێکی، سوار بووین
نەبووین موحتاجی چەک، بێجگە لە دەرمان
کە ئێمەین لەشکرێکی پڕ لە نەسرەت
کەمێ بووین، زۆری کردین حەققی یەزدان
بە غاز و قونبەلەی زەڕڕە، بە ئیش چووین
کە ئیشی پێنەکردبوو، جەیشی ئەڵمان
ئیتر هاواری عالەم، وا بڵند بوو
تەمی پۆشی، سەر و لاچاوی دێیان
دەمێ «ئەلیاسەسوور»ی کەسنەزانی
دەمێ «قەسر»ێ، دەمێکی خەڵکی «کاولان»
دەمێکی «گۆمەشین» و «کانی هەنجیر»
دەمێ «کانی ڕەش» و، لای «قازی بەگیان»
لە هەر جەحفەل، کە ڕوومان تێ ئەکردن
لە ترسا، جەیشی زەرد گشتی ئەخنکان
لە ناو خۆمان ئەگرت، ئەو لەشکری زۆر
بە دەرمان و بە شوڕکان، دوور لە بوختان
بە ساتێ، جەحفەلێکمان لێ ئەکوشتن
شەڕی ئێمە و، سروور و جەژنی تەیران
گەلێ جاران بە بەر ئەزیەت ئەکەوتین
لە جێی ناخۆش و نووسەک پێوە نووسان
خەیاڵی هەندەسە و، ڕەسم و، خەریتە
فڕێماندا، لە خوتتەی کاری دەوران
مەڵێن بێ ڕێو و تەقدیر، ناکرێن ئیش
چ ئیشێکە، کە نەیکا عیلم و ئیمان
بە سەردان هاتە لامان، کاکە «ڕەحمان»
لە ڕۆژی بیست و سێی مانگی حوزەیران
لەگەڵ کاک «ئەحمەد» و «ئیبراهیم ئاغا»
لە کردە و جەنگ و ڕەزمی مە، عەجەب مان
شەوێکی پێکەوە، ژینمان بەسەربرد
بە شمشاڵ و، دەف و، حەیران و، گۆران
بژی قائیممەقامی شاری «کۆیە»
لە بەرزیدا، کە بۆتە مەعدەن و کان
جەنابی «مستەفا بەگ»، دڵ بە سەفوەت
جیهانگیرێکە، زاتەن خزمی خۆمان
مولاحیز هاتە لامان، کاکە «جەبار»
دەلیلی عەقڵ و عیلمە و، جوودی ئینسان
گەش و ڕووخۆش و، فیکری پڕ لە حیکمەت
قیافەت ڕێک و ڕوح سووک و کزەی گیان
قدوومی ئەو، کوللەی لابرد و ڕۆیی
ئەوەی مابوو، بەتاو ڕووی کردە کوێستان
ئەکا پێشکێشی ئەم تەئریخە، ڕاجیتخلص
دیاری خۆشەویستان و برایان