مردم لە غەما دڵ بدڕێ و، هێندی پەڕۆ کەم

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  180 مشاهده
مردم لە غەما دڵ بدڕێ و، هێندی پەڕۆ کەم
سوودی نەبوو ئەم کیسەیە، خۆم بۆچی خەڕۆ کەم؟!
بەختی سیەهم، نەمدی، وەکوو خاڵی و پەرچەم
جارێ سەری ئەم تەیرە، بە دەندووکی هەڵۆ کەم
قیری سیەهی لێ بکە، سەد کەعبە بڕووخێ
با دەستی هەوەس، قەف بە قەفی گەردەنی تۆ کەم
تا ڕەنگ و ڕوخم زەردە، لە دنیا دەگرێ باس
مەعلوومە لە ڕووی گوڵ، کە دەبێ ڕەنگ بە بۆ کەم
بەم ئاهی منە، ڕۆژی ڕوخی کەوتە بڵندی
دڵ بۆیە دەڵێ، بەم قەدی دڵدارەوە شۆ کەم
وازی نییە لەو گەندومی خاڵانە، ڕەقیبم
مەر ئەو کەرەدێزە، بەرەڵای خەرمەنی جۆ کەم
ئەی ڕۆحی ڕەوان، لێم گەڕێ ماچێکی لەبت کەم
خۆ، بادە لە ناو شووشەیی خۆی نابێ بەبۆ کەم
لەفزم وەکوو هەنگوینە، بە ژەهراوە موبەددەل
کێ دێ؟ لەگەڵی، ئێستە هەتا مەرج و گرۆ کەم
ڕاجیتخلص! لە ویساڵی کە خودا بێبەشی کردووم
تا قامی قیامەت، چ دەبێ شیوەن و ڕۆ کەم؟!