دیدەکەم، یاریدەکەم، جەرگ و هەناوم، گیانەکەم
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
2 دقیقه
194 مشاهده
دیدەکەم، یاریدەکەم، جەرگ و هەناوم، گیانەکەم
دینەکەم، ئایینەکەم، ئامینەکەم، ئیمانەکەم
سوورە گوڵ، ئارامی دڵ، چاو پڕ لە کل، گەوهەر لە مل
سۆزەکەم، پیرۆزەکەم، نەورۆزەکەم، نیسانەکەم
نیوەشەو، خۆش بیرەخەو، نەخشینەکەو، ئاسک بەڕەو
بازەکەم، شابازەکەم، شانازەکەم، جانانەکەم
نازەنین، خۆش پێکەنین، ئاواتی ژین، هاواری دین
ڕاحەکەم، ڕەحڕاحەکەم، ئەڕواحەکەم، مەستانەکەم
سیمبەر، عەتر و گوهەر، شیرین کەمەر، هەی دزنەزەر
زیزەکەم، ئازیزەکەم، پاکیزەکەم، پەیمانەکەم
خۆشەکەی، سەرخۆشەکەی، مەی نۆشەکەی، پڕجۆشەکە
ڕۆژەکەم، ڕۆژانەکەم، مانگانەکەم، ساڵانەکەم
داخەکەم، بەیداخەکەم، پەرداخەکەم، پەرلاخەکەم
باخەکەم، بۆشناخەکەم، سەرشاخەکەم، نەرمانەکەم
چاو عەرەق پڕ، لێو خەفەت بڕ، کوڵمە ئاگر، دڵ بەگڕ
گەنجەکەم، بێ ڕەنجەکەم، نارنجەکەم، ڕەیحانەکەم
پەنجە پەنجەی، لەنجە لەنجەی، قیت و قنجەی، خشت و خنج
یادەکەم، خۆش بادەکەم، ئامادەکەم، خەندانەکەم
سینەکەم، یاسینەکەم، ناسینەکەم، تاسینەکەم
کاسەکەم، سەرباسەکەم، گێلاسەکەم، تاسانەکەم
ئەی سەنەم، گوڵ خونچەدەم، نارنجەمەم، قامەت عەلەم
شاهەکەم، هەمڕاهەکەم، شاهانەکەم، دیوانەکەم
ڕەحمەتەی، پڕ هەیبەتەی، شیرین خەتەی، هەر شەوکەتە
خانەکەم، مەیخانەکەم، بتخانەکەم، تەرخانەکەم
شەنگەکەی، پڕشنگەکەی، گوڵڕەنگەکەی، دڵ سەنگەکە
لاسەکەم، ڕێواسەکەم، بڵباسەکەم، گۆرانەکەم
بان و عەرعەر، قەد سنەوبەر، شۆخ و دڵبەر، نەیشەکەر
نەرمەکەم، سەرگەرمەکەم، جێ شەرمەکەم، گریانەکەم
چاو شەهێنەی، دڵفڕێنەی، خۆنویێنەی، عیشق چێن
گیانەکەم، بێگانەکەم، جیرانەکەم، جەیرانەکەم
سەرو و بان، ئارامی جان، ڕۆحی ڕەوان، شەوقی گوڵان
چێنەکەم، خاوێنەکەم، دروێنەکەم، خەرمانەکەم
بیرکوژەی، عاشقدژەی، هەی خوێنمژەی، گوڵداڕژە
زادەکەم، ئازادەکەم، بەگزادەکەم، کوردانەکەم
ماچەکەی، لالێوەکەی، وەک سێوەکەی، خستمیە کێو
سامەکەم، ئارامەکەم، ناڕامەکەم، ئامانەکەم!