شیوەنی پایز
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
2 دقیقه
1245 مشاهده
مەپرسە بۆ چی مات و خەمبارم،
بۆ چی ڕەنگ زەردم، بۆ لێو بەبارم
بۆ دەستە ئەژنۆ مل بە لارەوە
فرمێسکم بە خوڕ دێتە خوارەوە
بۆ چی پەشێوە قژی زەردباوم
قژی لەسەر ڕوو پەرش و بڵاوم
بۆ چی فرمێسکی سکاڵا و ڕازم
ئەشۆرێتەوە گۆنای بێ نازم
بۆ نەبڕایەوە ئۆف و ئاخی من،
هەناسەی ساردی پڕ لە داخی من
بۆ دوایی نەهات شیوەن و ڕۆڕۆ
خەم و تەمی سەر دڵەی ڕەنجەڕۆ
لەبەر کردەوەی چەرخی چەپگەردە
فرمێسک ئەڕێژم ڕەنگەکەم زەردە
بێزارە دڵ و دەرون و گیانم
لەدەس بناغە و شێوەی ژیانم
کەی ڕەوای حەق بوو بێمە دنیاوە
تەپاوتل بدەم بە دەم سزاوە
چۆن دڵی هێنای گەردوونی بێ باک
بەهار بگۆڕی بە منی خەمناک؟!
بەهار کە وادەی جوانی و خۆشییە
سەردەمی پیاڵەی بادە نۆشییە
سروشت بە بەرگی ئال و واڵاوە
تازە بووکێکە و خۆی لەتەل داوە
پێ ئەکەنێ گوڵ، شادە لە باخا
با دڕک هەر شەق بەرێ لە داخا
بە بادەی شەونم بلبل سەرمەستە
ئاهەنگ ئەگێڕێ بۆ گوڵ بە بەستە
پەپوولەی نەخشین لەناو بەهەشتە
بۆخۆی سەرگەرمی سەیران و گەشتە
پۆل پۆل کوڕان و کچانی نازار
خەم بە با ئەدەن لە دەرەوەی شار
لەسەر کارێز و فەرشی سەوزە گیا
لە دەشت و دۆڵ و سەرلووتکەی چیا
کە چی ئەوەندەی پێ ناچێ گەردوون
ئەم دیمەنانە ئەکا سەرنگوون
بەجوانەمەرگی بەهار ئەنێژێ
خوێنی هونەر و جوانی ئەڕێژێ
سیس ئەبێ گوڵی زەرد و سوور و ئاڵ
هەڵ ئەوەرێتە بەرپێی درک و داڵ
کۆستی ئەکەوێ بلبلی دەنگ خۆش
بەستە و گۆرانی ئەکا فەرامۆش
شەونم لەداخا سەر ئەنێتەوە
پەپوولەش باڵی ئەپێچێتەوە
ئیتر هیچ کەسێ بۆ سەیران و گەشت
ناگرێ ملی ڕێگای دەر و دەشت
گەڵاڕێزانی دار و درەختە
سەرەی هاتنی منی بەدبەختە