بەستەیەک

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 2 دقیقه  1248 مشاهده
من مەلێکم ئاشتیخواز
بە چریکەی خۆش ئاواز
لە خاکی کوردستانا
خەڵکی ئەخەمە پەرواز
***
بە بەستەی شیرین و خۆش
بە کوڵ بە تاسە، بە جۆش
لەهەرلا دەنگ هەڵ ئەبڕم
ئەیخەمە بەزم و خرۆش
***
ئەخوێنم، دڵم شادە
لەش لە قەفەس ئازادە
بەستەی ئاسایش ئەڵێم
بەزوبانێکی سادە
***
هەتا ڕۆژ بە شەو ئەکەم
بانگی ئەم و ئەو ئەکەم
بۆ ئاشتی و برایەتی
هی نووستوو لە خەو ئەکەم
***
بۆ ئەوەمە بە جارێ
هەڵسن بیکەینە کارێ
کوننە پەپووی شەڕانی
چنگ لەسەر شان بتاری
***
نەهێڵین لێرە و لەوێ
هەناسەیەک بسرەوێ
ئەوەندەی هەڵفرێنین
تالەپەل و پۆ کەوێ
***
چونکە کوندە پەپووی گەڕ
زۆر حەز ئەکا وشک و تەڕ
بەسەر یەکا بسووتێ
بەئاگری شوومی شەڕ
***
حەز ئەکا دەستی تاوان
بگرێ بەرۆکی لاوان
بەناسۆر هەڵوەرینێ
گوڵی تەمەنی جوانان
***
یان بۆمبا لە ناکاوا
لەو پەڕی تین و تاوا
لەگەرمەی شیرین خەوا
خۆی با لە کۆرپەی ساوا
***
یان ئافرەتێکی سک پڕ
نێزەیەکی جگەر بڕ
لەشی ئەنجن ئەنجن کا
لەگۆشەی ماڵا لە پڕ
***
یان پیرێکی دەروون پاک
سادە و ساویلکە و خەمناک
پارچە بۆمبایەکی وێڵ
بۆ خۆی بیکا بە خۆراک
***
یان ئەتۆمی بێ ئامان
دوژمنی سەر و سامان
دەس کا بە پاکۆ دانی
ژینی پڕ لە هیوامان
***
یان سەرانسەر شار و دێ
بەسەر خەڵکا بڕوخێ
کوننەپەپوو کەلاوەی
بۆ خۆی لێ بکا بەجێ
***
بەڵام خەیاڵی خاوە
ئەو چەپەلی گڵاوە
خەڵکی بەسۆز و بەکوڵ
پەیمانی ئەوەی داوە
***
ئەو پەڕی هێز و توانا
لە ڕێگەی هیوای جوانا
بۆ ئاسایش بەخت کا
لەپێناوی ژیانا
***
بەهۆی ئەم خەباتەوە
دنیا دەنگ ئەداتەوە:
سەفەربەر و ڕەشبگیر
ئەبێ ڕوو نەداتەوە
***
گەلانی نزیک و دوور
زەرد و ڕەش و سپی و سوو
هاوار ئەکەن پڕ بە دەم
هیوادار و پشت ئەستور:
***
ئاشتی هەر پایەدار بێ
دنیا گوڵ و گوڵزار بێ
پڕ گوڵی ئاڵ و واڵا
چوار وەرزەکەی بەهار بێ
***
منیش مەلی کوردانم
پەروەردەی کوردستانم
بۆ گوڵی ئەو بەهارە
بلبلی نەغمە خوانم