گوڵم ناپشکوێ، ئەم باخچەی دونیایە دڵ ون کا

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  292 مشاهده
گوڵم ناپشکوێ، ئەم باخچەی دونیایە دڵ ون کا
بە هاوارێک و بانگێ، ئەم هەموو چەرخە سەرەوبن کا
سەرت سووڕ ماوە تا سەیری شتی گەورە و فشوفۆڵ کەی
مەگەر نەتبیستووە، یەک زەڕڕە، دونیایەک لە مردن کا
بە زانین داخرا تەندرووری ژین و عەقڵی لێ دەرکەوت
لە شەو سەرمای جەهالەت، بۆچ سەر و لاقی لە بەستن کا؟
کە پێپیلکەت نەبێ، سەرناکەوی لەم بەرزە بێ ڕێیە
بەخۆ هەڵدانی، ئینسان، بۆچی خۆی وەک گیسکە گنخن کا؟!
ئەمن تۆقم لە پێتا، تا بڕۆی هەر دەنگ و ناڵەم دێ
ئەگەر ئازایە دەستت، با ئەویش خۆی پڕ لە بازن کا
هەزار داس و چەکوچ گیرانە دەست و دانەمەزرا ژین
چ خوا بەردارە ئێمە جووت بە گاسن، ئەو بە ئاسن کا؟!
لە لایێ ئاگرە و شاڵاو ئەهێنێ، لایێ دەریایە
دڵم بۆ تۆ زەرەر نابەخشێ، گەر سووتا و گەر خنکا
ئەوی برسی بووە بەم دەردی عیشق و سۆزە، پێویستە
کولێرەی ڕوومەتی ئێوە ببینێ و ژینی نەوسن کا
ئەوی لافی ئەدا بەم ئاڵوواڵایە، دوێنێ شەو
ئەبێ ئیمڕۆکە بەرگی بێکەسی و ڕووتیشی چڵکن کا
مەگەر «با» یی فەنایە، ئەیبزێوێ چەرخی ڕەنگاوڕەنگ
بە فەرمانی خەمە، شادی، ئەبێ خۆی ئەنجن ئەنجن کا
ئەگەر گەش بێتەوە کوڵمەی، بە زەردەخەندەیی لێوی
ئەبێ دڵ چەشنی خونچە، ڕوو لەناو گیرفانی گوڵچن کا
لە زستان و کڕێوەی بێ دەماغی، ڕێ بە هیچ نابەم
مەگەر نەکوژێتەوە پشکۆتخلص، بەهاری کوردی پرچن کا!