ڕووی بەهارێکە بەهەشتی ژین پڕی سینەی ئەکا

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  134 مشاهده
ڕووی بەهارێکە بەهەشتی ژین پڕی سینەی ئەکا
ساف و ڕازاوە، بە هەنگوین و پەنیر و مەی ئەکا
دڵ لە میحرابی برۆی ئەودا، کە سەجدەی برد بە قەد
بۆ تەمای ئاهەنگی ئەو فیردەوسە سەد تۆبەی ئەکا
قامەتم چرچ و نەخۆشە، خوار و خێچە بۆ ڕکوع
فاتیحەی عیشقی، لە نەغمەی چەند هەزار نۆتەی ئەکا
تا کەوان و تاری من، هەر باسی ناز و لەنجە کا
سەر، بە قانوونی تەرەب، چەشنی سوراحی قەی ئەکا
ئەهلی ویژدان و ڕیسالەت، گەر ئەڵێ جەننەت هەیە
دیارە باوەڕ بەو لەب و سینە و مەمە و کوڵمەی ئەکا!
هەرچی بێ بڕوایە نەگبەت ئەیگرێ و موڕتەد ئەبێ
زاهیدی بازاڕە وەهمی چاوەچڕکەی کەی ئەکا؟
جەننەت و دۆزەخ، لە ئەووەڵ ڕۆژەوە هاتوونە دی
هەر یەکەی ڕێگا بە عەردی ئادەمی شۆسەی ئەکا
خێر و شەڕ، قازانج و دۆڕاندن، چییە نیسبەت بە هەق؟
هەر کەسێ خێری بوێ، خۆی ئۆگری جیلوەی ئەکا
دامەنی بادە و، بە بادەی وەسڵی بەربادە خەمت
هەر کەسێ خەزنەی سەفا داکا، بە ئەم ئیشەی ئەکا
مانگ و ڕۆژم لێ ئەچێ، تا ساڵ بە ساڵ و مانگ و ڕۆژ!
چاوییان پێ کز ئەبێت و، جەرگییان خرپەی ئەکا
ئاخیری کارانە ژیکۆتخلص، هەستە یارت هاتە ڕوو
کەس نییە بێجگە لە خۆی، سا کێ لە کێ ئۆخەی ئەکا؟!