ئەوا بەحری پەرۆشی من، شەپۆلی دا بە دنیادا

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  156 مشاهده
ئەوا بەحری پەرۆشی من، شەپۆلی دا بە دنیادا
کە شۆری کورد و کوردستان، لە ئێخەم دەستی بەر نادا
لەمێژە شوێنەواری ژین، بە ماتەم بەرگی پۆشیوە
دەڵێی زەردەشتی لێ مردووە، لە جۆشی ئیش و هیوادا
ژیان و نیشتمانم ڕۆ، کە دوژمن ئاوەدانی کا
ئەبێ چۆن حاسیڵاتی هەڵگرێ و خەرمانی بەر بادا؟
لە پێناوی کوڕانی گەل، لەشی خوێناوییە خاکم
مەگەر فرمێسکی زامانە، لە ڕەنگاوڕەنگی سیمادا
ئەڵێی داکی جگەرسووتاوی بێتاوانە، بێهۆشە
بە گریان دەنگی نووساوە، لە داگیرسانی فەریادا
سەبا، پەرت و بڵاوم کۆکەوە تا تێمگەیێنێ شەو
لە کام شوێن و کەلێنی گەل، کە بڕیاری تەقەللا دا؟
دز و حیز و درۆزن ئاسەواری گەر بڕا، کاکە
بڵێ جەژنی دڵە، با دەس بخاتە دەستی هیوادا
خەتای شەیتانی خۆمانە، کەلوپەلمان کە ئەفرۆشن
بەخۆڕایی، کە خۆڕایی دەریهێناین لە بونیادا
کە ماددە ئیش بکا تەنیا، بە تەبیات ڕیزە ناگیرێ
کە تەبیات لێکجیاوازن، لەسەر مەیدانی ئیجادا
وجود گشتی لە نێر و مێوە تێکەڵکێشە، بیزانە
کە ئایینیش دروست ئەکرێ، لە مێ و نێری مانادا
هەتا تەرکی نەکا کاری خەراپی، چاکی لێ نایا
بە نیسبەت دەرئەبێ نیسبەت، لە تەئریخی هەیولادا
بە هەق بیناسە ئەو زاتەی، کە ناگونجێ تۆ بیبینی
کە شەپڕێوە بەرامبەر ئەو، هەموو بیرێ لە سەودادا
مەترسە هەق بڵێ ژیکۆتخلص، هەتا ماوی بە سەربەستی
ئەگەر بتکەن بە دارا، یا سەرت ببڕن لە بێ دادا!.