بناری هەڵگورد
از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
4 دقیقه
3217 مشاهده
لە خەودا دیم لەسەر هەڵگورد
لەسەر چیای سەرکەشی کورد
ماندوو، خەستە، شەکەت، کفت
لەسەر تەختێکی زێڕ کفت
لەبن لێفەی ئەتڵەسی سوور
لەسەر دۆشەگێکی ئەستوور
بۆ حەسانەوە درێژ ببووم
بەبۆنی گوڵان گێژ ببووم
کەوی گرتبووی دەوروبەرم
غوڕڕەکەو بوو لەبن سەرم
شنە کاکۆڵی دەبزاوتم
گزنگ ڕوومەتی دەنگاوتم
لە فریشتان بەرزتر بوو جێم
هەور دەڕەوێن لەبەر پێم
هەوایەکم هەڵدەمژی
کورد و کەودەری پێ دەژی
گەیبوومە پۆپەی ئاواتم
لێم دیار بوو هەموو وڵاتم
وڵاتی باب و باپیرم
جێی هەڵدانی خۆم و بیرم
وڵاتی جوان و دڵگرم
هەزار جاری دەبەر مرم
وڵاتی ڕەنگین و نەخشین
وڵاتی سوور و سپی و شین
خێری خودا، باخی بەهەشت
کوێستان و بەندەن و پێدەشت
تەلان، گەوە، بانوو، بستوو
کانی، زنە، رنوو، پزوو
مێرگ، نواڵە، دەریا، ڕووبار
نەرمان، هەڵەمووت، لێڕەوار
ئاوهەڵدێر، خوڕێن، گۆمی مەند
کێڵگە، بەیار، بژوێن، زەمەند
جێ جێ کۆدە، جێ جێ ڕووتەن
جێ جێ چێنک. جێ جێ ڕەقەن
جێ جێ ئاوگر، جێ جێ شۆنە
جێ جێ شوورە و قەڵاکۆنە
کوردستانی بەخێر و بێر
«پێی ڕوون دەبۆوە چاوی کوێر»
***
پۆلێکی پەری شل و مل
بەرموور و ملوانکە لە مل
برژانگ درێژ و چاو بەکل
شان بەکۆڵوانە شەدە شل
ناسک و نازدار و شۆخ و شەنگ
تەنک و شلک و جوان و چەلەنگ
بەژن باریک و خڕ و پڕ
سەری کوڵمەیان دەیدا گڕ
نەشمیل، ڕەزا سووک، نازەنین
لەبەر دڵان و خوێن شیرین
چاویان مەست و پڕ شەرم بوو
بسکیان ئاوریشمی نەرم بوو
لەشیان بەتین و گەرم بوو
باسکیان سەرینی سەرم بوو
***
یەکێک خۆی لەباڵ دەخزاندم
یەک یەخەی بۆ دەترازاندم
یەک بەناز خۆی ڕێ دەخستم
یەک مەمکی دەنا لە مستم
یەک دەیشێلام ئارام ئارام
یەک قانە قدیلەی دەدام
یەک بۆی دەگوتم گۆرانی
بەچریکەی خۆشی ئاسمانی
یەکێک سەمای بۆ دەکردم
یەک دەستی لەستۆ دەکردم
یەک بەبالۆران دەیدواندم
یەک بەسپایی ڕایدەژاندم
***
لەو خەوەدا هێشتا لاو بووم
هێشتا بەنموود و بەرچاو بووم
هێشتا مابوو گوڕ و هێزم
هێشتا گەرم بوو ئامێزم
هێشتا هەمبوو باهۆی قەوی
ڕەوەکم دەکردن کەوی
لە جێژوانێ خۆم ڕادەگرت
مێزم بەبزۆزاندا دەگرت
هێشتا پێم دەکرا دەسبازی
گراویم دەکردن ڕازی
هێشتا کەنفت و پیر نەبووم
«لە باڵ جواناندا تیر نەبووم»
***
دڵتەڕ و جوانی پەرست بووم
شاعیرێکی خاوەن هەست بووم
هێشتا دوور نەبووم لە هەڵگورد
کیژم دەهاتن لە شەوگورد
لەپڕ لەو خەوە ڕاچەنیم
بەحاڵی زارم پێکەنیم
لە نێو ماڵێکی بێ ژندا
لە بن لێفێکی چڵکندا
لەسەر تەختێکی ڕەق و تەق
سەرتاپام شەڵاڵی ئارەق
پیر و کەنەفت و کەلەلا
هەموو لەشم هەلا هەلا
پشتم ڕەق و باسکم تەزیو
پێم نەدەکرا ئەم دیو ئەودیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچم دەدا وەک مارانگاز
تازە کوا خەو دەمباتەوە؟!
هەستام وەبیرم هاتەوە
ئاوارەم و دوورە وەتەن
بێ تەماڵ و سەڵت و ڕەبەن
سەرم وڕە و گیانم دێشێ
کەس نییە نازم بکێشێ
چم کردووە بۆ وام بەسەر هات؟
بۆ چی تەرە بووم لە وڵات؟
بۆ هێلانەم لێ شێواوە؟
ئەو هەموو ڕێگەم پێواوە؟
بۆ لە خۆشی دوورە بەشم؟
بۆ ئەوەندە چارەڕەشم؟
چییە گوناهـ و تاوانم
تەریدەم؟ جەردەی کاروانم؟
پیاوکوژم؟ ڕێگرم؟ دزم؟
بۆ دوورم لە کەس و خزم؟
تاوانم ئەوەیە کوردم
خەڵکی بناری هەڵگوردم
بەو هەوایە پەروەردە بووم
بۆیە تووشی ئەم دەردە بووم
کۆیلەتیم بەلاوە نەنگە
بۆیە وڵاتم پێ تەنگە
دەڵێم مافی خۆمم دەنێ
ڕەپێم دەنێ بۆ بەندەنێ
دەڵێم ئینسانم، بەشەرم
ئەو پەندە دێنێ بەسەرم
***
بەڵام هەڵگوردە و نانەوێ
بەڵام کوردە و مافی دەوێ
هەزاری وەکوو من بمرێ
دەست لە خەبات هەڵناگرێ
زۆر کەسی وەک من نەمێنێ
ئەو مافی ڕەوای دەستێنێ