شەوگاری تەنیایی

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 1 دقیقه  3634 مشاهده
هەتا نێڵەی نەیە ئاورگی دڵ، چەم پڕ لە نەم نابێ
هەتا نەم دانەبارێ تینی ئەم ئاورگە کەم نابێ
لەناو ئاورینگ و ئاونگا شەوم ڕادەبرێ بێ هەمدەم
بەڵێ شەوگاری تەنیایی بەبێ فرمێسک و خەم نابێ
ستەمکاری منی دوور خستەوە لەو یارە شیرینەم
ئیتر من چۆن ڕقی زۆرم لە ئازار و ستەم نابێ؟
ئەوی سەربەرزە لەم وێرانەدا تووشی خەم و دەردە
چیای سەرکەش ببینە قەت سەری بێ هەور و تەم نابێ
لەناو دەریای خەیاڵم دیمەوە من گەوهەری نایاب
هەمە گەوهەر، ئیتر چاوم لە دینار و درەم نابێ
وەرە ناو باوەشی گەرم و گوڕ و پڕ تاسە و مەیلم
رەدیفیش تێک بچێ پێم خۆشە من دەستم لە مەم دابێ
وەرە با هەڵمژم ئەو لێوە شیرینە بە کەیفی خۆم
لەپاش ئەو تاڵییە با من دەمێک شەکرم لە دەم نابێ
پەلەت بێ، چاوەڕێتم، زوو وەرە، بەس خۆت بخافڵێنە
هەزار جار هێمنیش بم بۆ ویساڵت چۆن پەلەم نابێ؟