لە بیرم مەکە

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 6 دقیقه  3231 مشاهده
وەهام بیستووە سەردەمی پێشوو
لە گەورە شارێک نازدارێک هەبوو
کچێکی قیت و قۆز و کەڵەگەت
شاکاری دەست و نەخشی تەبیعەت
شۆخ و لەبار و جوان و ڕەزا سووک
لەڕاست ڕووی دەچوو ئابڕووی گوڵووک
دڵتەڕ، مەشرەف خۆش، زار بەپێکەنین
شل و مل، ئەسمەر، ناسک، نازەنین
دیدەکاڵ، لێوئاڵ، بسک سێ بەنگی
خاڵی سەر کوڵمەی ڕەشتر لە زەنگی
مەمک خڕ و توند، سینە نەرم و پان
گەردن درێژ و چەنە کورت و جوان
کەی گەزۆ شیرن وەکوو دەمی بوو
کەنگێ بەڕەزا وەک پەرچەمی بوو
مانگ لە ئاست هەنیەی شەرمەزار بۆوە
برۆی دی هیلال خۆی لەبیر چۆوە
جەرگی دەبڕین تیری بژانگی
دڵگر بوو بسکی، لووس بوو، لاجانگی
زەندی گۆشتن و شووش و نەرم و نۆڵ
بەلەکی خڕ و پڕ و سپی و سۆڵ
چەنەگەی خڕی وەکوو گۆی زێو بوو
بەرخەبەبەکەی وەک شەکرەسێو بوو
خەڵفی شۆڕەبی و مەندۆک و بیزا
لەبەر ئەو باڵا بەرزە دەفیزا
ناز و کریشمە و لەنجە و لارەکەی
پڕی کردبوو هەموو شارەکەی
جوانی وا کەم بوو لەسەر زەمینێ
کەم دایک کیژی وا جوان دەبینێ
لە شارا هەچی هەبوون کوڕ و کاڵ
لەدووی ئەو شۆخە ببوونە عەوداڵ
لێیان گرتبوو گوێسوانە و ڕێباز
کڕیار گەلێکە بۆ کڕینی ناز
وەک مانگی جێژن لێیان دەڕوانی
پێیان هەڵدەگوت بەستە و گۆرانی
بەڵام لە هەموان داوخوازتر لاوێک
بوو، کە نەدەژیا بەبێ ئەو تاوێک
گیرۆدەی کردبوو بەبسکی خاوی
دێوانەی کردبوو بەسیلەی چاوی
ئاوڕی ئاوری لە دڵ بەردابوو
نازی وەرهەمی پێ هەڵێنابوو
وەختابوو بمرێ بۆ ماچی لێوی
یا وەکوو شێتان ڕوو بکاتە کێوی
نەیمابوو هۆش و هەدادان و خەو
ئۆقرەی بڕابوو بەڕۆژ و بەشەو
قسەی دڵسۆز و دۆستی نەدەبیست
لە دنیای ڕووناک هەر ئەوی دەویست
لە دڵی بەرببوو ئاگری بێ ئامان
دەستی بەردابوو لە ماڵ و سامان
شێت و شەیدا بوو، هۆشی نەمابوو
ئاگای لە حاڵی خۆشی نەمابوو
شین و گریان و ڕۆڕۆ بوو پیشەی
هەر بیری ئەو بوو یادی هەمیشەی
ناهومێد نەبوو دەستی بەرنەدا
تا ئەو نازدارەی بۆ هاتە ڕەدا
بەهار بوو دیسان خەمڵی وەک بەهەشت
مێرگ و لاپاڵ و بەندەن و پێدەشت
کانی وەک دیدەی ئاواران پڕ جۆش
شنە وەک پشووی نازداران بۆنخۆش
گوڵ پشکووت، بلبل وەورینگە کەوت
کەو لەسەر ڕەوەز هەڵی گرت ڕەوت
مێلاقە بادەی ئاونگی دەمشت
شللێر فرمێسکی شادی هەڵدەڕشت
خونچە دایدڕی بەرۆکی کراس
لە خیز هاتە دەر چووزەڵە ڕێواس
بۆن و بەرامە و هەوای بەهاری
عیشق و هەوەس و مەستی لێ باری
بەهار کە بەزمی تەبیعەت گەرمە
دڵی نازداری بێ بەزەش نەرمە
بەڵێنی پێ دا کیژۆڵەی چاوجوان
لە دەری شاری بۆی بچێتە ژوان
لاوی دڵسووتاو گەیشت بەئاوات
کە ئەو نازدارەی بۆ لە ژوانێ هات
ئاوێزانی بوو، گرتی لە ئامێز
گووشی بەباهۆی مەردانەی بەهێز
ڕایمووسی لێوی شیرنتر لە قەند
لە دەستی هاڵاند کەزی وەک کەمەند
گووشی مەمکۆڵەی وەک زەردە لیمۆ
بڕا، لاکەوە، مەکە، ئەیەڕۆ
دەیانکرد یاری و دەسبازی و گەنگەڵ
یەکتریان دەگرت لە مێز و باخەڵ
درێژ دەبوون و هەڵدەستانەوە
لەناو شێنکەدا دەتلانەوە
لاوی تامەزرۆ، کیژی گەردن کێل
سوێسنە و بەیبوونیان دەکردن پێشێل
ڕێکتر دەکەوتن بۆ ئەم لا و ئەولا
قانەقدیلەی یەکتریان دەدا
سێبەر شۆڕ ببوون، ئێوارە داهات
ئاخ لە خۆشیدا زوو ڕادەکا کات
هەرچەند لە دینی یەکتر تێر نەبوون
ناچار بوون هەستن بەرەوماڵ ببزوون
شل شل داگەڕان بۆ دەم ڕووباری
تا پێش تاریکان بچنەوە شاری
لەسەر کەندی چۆم ڕاوەستان تاوێ
کچ دیتی لەناو نێرینەی ئاوێ
چەپکە گوڵێکی وەکوو پتی خوێن
گوتی ئای جوانە! ئەوە گوڵی کوێن؟
بریا هی من با ئەو گوڵە سوورە
حەیفە کەوتە ناو ئەو شیت و شوورە
هێشتا قسەکەی نەکردبوو تەواو
کە دڵداری شێت خۆی خستە ناو ئاو
بە پەلەقاژە گوڵی هێنا دەست
هاویشتی بۆ لای کیژی دیدەمەست
گوتی ئەی یاری ژیکەڵە و ژیرم
هانێ گوڵەکەت مەکە لە بیرم
گێژاو لوولی دا، شەپۆڵ نوقمی کرد
خوڕێنی چۆمی کەلاکیشی برد
تۆماری ژینی کورتی پێچراوە
ئەو تەنیا ڕۆژە خۆشەی بۆ ماوە
ساردی کردەوە چۆمی سارد و سڕ
دڵی پڕ هەست و پڕ بڵێسە و گڕ
کە ئەوەی بینی کیژی شەنگ و شۆڕ
لەوێ ڕانیشت و کردیە زیڕ و هۆڕ
قژی ڕنینەوە دای لە سینگی خۆی
بەرۆکی دڕی قوڕی پێوا بۆی
لەوێ هێند گریا هەتا بوو شەڵاڵ
بە دارەمەیت بردیانەوە ماڵ
هەتا ماوەیەک دژ و وەڕەز بوو
کەم کەم دڵداری پێشووی لەبیر چوو
یەکی تری گرت لە کوڕانی شاری
سەرلەنوێ دەستی کرد بەدڵداری
ژین ڕاناوەستێ، هەوەس نامرێ
دڵداری لەگەڵ مردوو ناکرێ
زیندوو پێویستی بەهاودەم هەیە
بۆ مردوو مردن، هەر ئەفسانەیە
تا خوێن ببزوێ، تەزووی بێ، هەوەس
بێ جووت دژوارە ژیان بۆ گشت کەس
کە ویستت دڵی جوانێک ڕابگری
دەبێ بۆی بژی، نابێ بۆی بمری
ژن پیاوی دەوێ، پیاو دەیەوێ ژن
هەزارانی واش بێ سەروشوێن بن
بۆ ژین پێویستە لەشی گەرم و گوڕ
نەک ئاڵا و کێل و گڵکۆ و بەرد و قوڕ
لە یەسکی ڕزیو وەرناگیرێ کاو
بێ کاو دژوارە ژینی ژن و پیاو
تێ نەگەیشتبوو دڵداری بێ هۆش
کە کچ زوو کوڕان دەکەن فەرامۆش
هیچ کەس بەو کارە ناڵێ ئازایی
خۆ بەکوشت بدا پیاو بەخۆڕایی
خۆی بەئاو دادا بۆ هەوەسی چووک
پێی وابێ پاش ئەو کچ نابێ بەبووک
کەسێک دەیەوێ قەت نەکرێ لە بیر
ناوی لاپەڕەی مێژوو بکا داگیر
خەڵگ بەمەردی و ئازایی و پیاوی
هەتا هەتایە هەر بەرن ناوی
ببێ بەمایەی سەربەرزیی کۆمەڵ
بۆی دروست بکەن پاش مردن کۆتەڵ
لە ڕیزی گەوران ناوی بنووسرێ
سەت شێعری باشی پێ هەڵبگوترێ
جێی شانازی بێ بۆ نەتەوەی خۆی
گۆڕی مەزار بێ، کڕنووش بەرن بۆی
خۆ فیدا بکا بۆ گەل و خاکی
ناوی نەمرە بەپاکی و چاکی