نامەیەکی هێمن بۆ هەژار
خۆشەویستەکەم پیرە هەژار
بۆیە پێت دەڵێم چونکە ئێستا کە شوکر هەر زەق و زیندووی (هەزاران منداڵە کوردت بەناو کراوە) ئەدی چت لەو نەتەوە لێقەوماوە، داماوە دەوێ، هەر ئەوەندەی لە دەست دێ. دەنا ئەگەر پێی کرابا کۆتەڵیشی بۆ دەڕازاندیەوە، بۆ هەر گلەیی لە کورد دەکەی؟ ئەو شاعیرە عەرەب و فارسانەش کە ئێستا هێندیان پێ هەڵدەڵێن مەگەر لە خزمەت خەلیفە و یا بارەگای شا بووبن دەنا بە زیندی سەر فسیان پاک کردووە، ڕاستە سواڵ کیمیایە، بەڵام بۆ شاعیر نا. لەبەر چاوی خۆمان زۆری بە خوێری و پیریان هەڵکوت و لە برسان مردن.
کێ من و تۆی ناچار کرد ببینە شاعیر؟ خۆمان ئەوەمان بە خۆمان کردووە. باوکی من کەمی بۆ من بەجێ هێشت؟ بۆ خۆم لە قوماری شێعردا دۆڕاندم.
باوکی تۆ پێی خوێندی ویستی بتکاتە مەلا (بەرخی بابن بۆ نەبووی؟) دەزانی ئەو فەقێ قادرەی تۆ ونت دەکرد ئەلان چەندە دەوڵەمەندە؟ ئاواڵەکانی خۆمان کە بەقەد حەمە ئاشەوانیش لە عیلم و شەرع ناگەن، بە ڕیش و پەشم و کەوا و سیواکەوە، ئی وایان هەیە میلیاردێرە.
من لەمێژە دەوەی گەییوم قەڵەم نانی پێ پەیدا نابێت، ئەو ساڵ لەو مڵکەی باوکم بۆی بەجێ هێشتووم تەواو بێ کەم و زیاد بەقەد شوانێکم پێ گەییوە، بۆ خۆم شاهید بووم ئەمساڵ مەلایەک کە پێم وایە لە تەواوی عومریدا دوو پەڕی کاغەز نەتوانیوە بە چ زمانی دنیایە ڕەش بکاتەوە، سوێندی خوارد گوتی: بە سەد هەزار تمەن نابمە پێشنوێژ. جگە لە سەرەفترە، قەراری کرد، میوە و تەڕەکاری و ماست و پەنیری لەسەر دێ بێ. بۆ خۆشت دەزانی سەر قەڵەمانە (ئاشی پێ دەگەرێ) دە بڕۆ بابی بابم هەر «قانون» وەرگێڕە.
لە بیرمە جارێکی «وردی» ڕەحمەتی ڕەخنەی لە «کۆڕ» دەگرت کە بۆ وەرگێڕانی «شەڕەفنامە» زۆریان پارە داوە بە تۆ، خەڵکی زۆر لێ بوو، گوتم کوڕینە و کچینە ئێوە شاهید بن من دو ئەوەندەی کۆڕ داویە بە هەژار دەدەم بە مامۆستا بەو شەرتە بتوانێ شەرفنامەی کوردی و فارسی لە «سەقافەی کوردی» بۆ ئێمە بخوێنێتەوە. ئێستاش حازرم حاسلی ساڵێ داهاتووم بدەم بەو مەڵایەی کە قانوونی عەرەبی و فارسی بتوانێ بێ غەڵەت بخوێنێتەوە.
تازە تۆ قوڕی بۆ مامۆستا «عەلا»ی ڕەحمەتی دەپێوی کە خوا هەڵناگرێ لە هەموو کوردێکی باشتر حەقی قەڵەمی چەپرەکی وەرگرت.
با دەس لەوانە هەڵگرین، گۆواری ئەمجارەمان فیدای کتێبی دەرسی بوو. چاپخانە وەگیر نەدەکەوتن. کەچی ڕمێنی یەکجار لەسەرە. ڕۆژێ هەر پێمان دەکرێ کاغەزی کوڕ و کچە لاوەکان بخوێنینەوە. شتی باشیشمان بۆ دێن. گەیوەتە زۆر جێگایان و سەرنجی زۆرانی ڕاکێشاوە. ئەم ئەژمارەشمان ئەوە نێزیک بە تەواوبوونە، تۆ نەفەری حەوتەمی تا پێرێ کە جەدوەلی حەلکراوی بۆ ناردوینەوە، پێم وایە خوا یار بێ بۆ بەهارێ دەیکەینە مانگانە، چونکە جگە لەو هەموو نووسینانەی بۆمان دێ شتی درێژیش زۆر دەنوسن کە لە ژمارەیەکدا ناحاوێتەوە و بۆ دوو ژمارەش نابێ. بە داخەوە کادرمان زۆر کەمە و هەموو شتێک دەبێ بۆ خۆمان جێبەجێی بکەین کە سەد دەردی تایبەتیشمان هەیە.
کتێبێکی پچووکی فارسی و یەکی باشی کوردیشمان هەیە کە خەریکین چاکیان بکەین و بۆ چاپیان بنێرین.
بەڕاستی «فەیزی زادە» شتێکی باشی ئامادە کردووە و ئیزنیشی داوە دەستی تێوەردەین، ئێمەش بەدڵوداو خەریکین بەڵام کارمان هێندە زۆرە دەرۆست نایەین.
دوێنێ «از قضای رحمتفارسی» شێخ عەبدولقادری شەمزینی بەسەری کردبووینەوە. پێمان گوت ئێمە دراومان نییە، بەڵام ئەگەر تۆ دراومان بۆ لە مریدان بستێنی مەسنەوی «شێخ عوبەیدیللا» چاپ دەکەین. قەولی دا ئەوی پێی بکڕی بیکا. کاک «ساڵح مەحموود» فەرمووی من نوسخەیەکم لە لا هەیە ئەگەر لە لای ئێوەیە تەماسی دەگەڵ بگرە منیش لێرە سۆراخی دەکەوم. دەنا قازی نایدا.
هێمن