دایکی نیشتمان

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 2 دقیقه  2952 مشاهده
لە کاتی نیوەشەودا بوو شەوێ دی
ژنێکی پیر و ڕەشپۆشم لە خەو دی
بەپارێز چوومە پێش لێی و گوتم پێی
چکارەی دایەپیرە، پێم بڵێ کێی؟
لەبەر چی وا دژ و داماوی دایە
چ قەوماوە کە وا شێواوی دایە؟
چییە؟ چۆنە لەبەر تۆدا جلی ڕەش؟
سەر و شان و ملت بۆ ناوەتە هەش؟
گوتی نازانی ڕۆڵەی هیچ نەزانم
ئەمن کێم؟، ڕۆڵە دایکی نیشتمانم
لە تاوی ئێوەیە وا مات و گرژم
لە سوێی ئێوە دەسووتێم و دەبرژم
دەبینم ئێوە داماو و هەژارن
کز و خەمبار و زار و لێو بەبارن
منیش بۆیە پەرێشان و پەشێوم
دەبینی باری خەم نیشتووە لە لێوم؟
نەخۆشن ئێوە، بۆیە من نەخۆشم
ئەسیرن ئێوە، بۆیە ڕەش دەپۆشم
بەقوربانت دەبم ئەی دایکی دڵسۆز
مەبە چیدیکە تۆ دڵتەنگ و ئاڵۆز
تەماشاکە کوڕی تۆ شادن ئێستا
هەموو سەربەستن و ئازادن ئێستا
دەزانم ڕۆڵەگیان خەڵکی مەهاباد
لەژێر دەستی کران ڕزگار و ئازاد
بەڵام ڕۆڵەم برای ئێوە لە سەقز
تەماشاتان دەکەن داماو و سەرکز
چ شەرمە کاری ئێوە پێکەنین بێ
بەڵام کاری ئەوان گریان و شین بێ
ئەگەر پێت خۆشە جلکی ڕەش نەپۆشم
بکەن ئازاد کوڕانی دیم و خۆشم
لەبەر خۆت داڕنە دایە جلی ڕەش
دڵت ڕوون بێتەوە کوڵمەت ببێ گەش
هەنیسکان بەس بدە چیدی مەکە شین
ببینە بەیرەقی سوور و سپی و شین
ببینە «پێشەوا»ی مەشهووری ئێمە
ببینە تۆ ڕەئیس جەمهووری ئێمە
ببینە هێزی پێشمەرگە و بزانە
کە نووکی نێزە شمشێری ئەوانە
لەژێر دەستی دەکا ڕزگار و ئازاد
تەواوی کوردەواری وەک مەهاباد