کیژی لادێ

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 1 دقیقه  4406 مشاهده
کیژی لادێیی نەشمیلی جوان چاک
بێ فڕوفێڵ و هێدی و داوێن پاک
ئەتۆ هەر زگماک وەها جوانی
تەوالێت چییە؟ ناوی نازانی
نیتە کراسی حەریر و پۆپلین
گەوهەری پێچرای لەناو خامی شین
«پۆدر» و «کرێم» و ماتیکت نییە
هەر نەتبیستووە «ئۆدی کڵۆن» چییە؟
نەتکرد سووراو و سپیاو چون دووری
لە شاری، کەچی هەر سپی و سووری
«فێڕ»ت لێ نەدا بسکەکەت لوولە
ڕێژیمت نەگرت بەژنت وەک توولە
لاجانگت وەکوو گزنگی تاوێ
هەر بۆ خۆی جوانە تیف تیفەی ناوێ
کوڵمەکەت وەکوو گوڵاڵەی گەشە
بێ سوورمەش چاوە مەستەکەت ڕەشە
وەکوو فرمێسکی ئاشق ڕووناکی
وەکوو ئاونگی بەیانی پاکی
فێر نەبووی سیحر و کشتەک و نوشتوو
نەجگە گورگت، هەیە نە مووروو
مایەی هومێدی کیژی چاوهەڵۆ
نازانی مەکر و جامبازی و درۆ
چارشێوت نییە ڕوو ناگری لە کەس
نامووسی خۆتە پاسەوان و بەس
بە تاسکەتاسک و بەلەنجەولارت
بە بەژن و باڵای بەرز و لەبارت
بەدڵی سادە و بەهەستی پاکت
بەشەرم و حەیا و ئاکاری چاکت
منت کردووە شێت و وێتی خۆت
وەختە لە سوێیان گیانم دەرچێ بۆت