بەهاری کوردستان
از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ملا غفور دباغی (1927-1990)
2 دقیقه
1192 مشاهده
بەهەشتە خاکی کوردستان و سەیرانی بەهارانی
نموونەی کەوسەر و ئاوی حەیاتە چەشمەسارانی
چیا و دەشتی ڕەنگینە، گوڵ و سوێسنە و ڕیاحینە
سەراپا سەوزەڵان شینە شێوەرد و شیارانی
حەیاتی جسمی بێ جانە، هەوایی باخ و باخاتی
نیشاتی ڕوحی ئینسانە فەزایی مێرغوزارانی
شەفایی خاتری بیمارە قووتی عاشقی زارە
چریکەی بولبول و ئاوازی قومری سەر چنارانی
لەسەر دڵ ژەنگی ماتەم لادەبا ڕوخساری گوڵزاری
بە چاوپێکەوتنی، سەد دڵ دەبێتە مات و حەیرانی
شەفابەخشی دڵی عوششاقە بایی سوبحدەم وەختێ
عەبیری بۆی گوڵان دێنێ لە سەر لووتکەی نزارانی
بەیانی دێ جریوەی مەل، خوڕەی بەفراوەکەی سەرکەل
لەگەڵ قاسپەی کەو تێکەڵ، لە دەم ڕژد و پەسارانی
کە تەشریفی شەریفی هات نەسیمی بایی نەورۆزی
گوڵاڵان سەر وەدەر دێنن لە لێوی جۆیبارانی
دەپۆشێ سەروی بوستانی کەوای ئەتڵەس لەبۆ جوانی
شکۆفەی دەردەکا لەنۆی چڵووک و شاخسارانی
تەواوی دەشت و دەر یەکسەر دەبێتە ئەتڵەسی ئەخزەر
بە گرمەی هەور و سۆزەی بای شەماڵ و ڕێژنەبارانی
غەزەل خوێنن هەموو، دەس پێدەکەن باڵداری سەر داری
زەوی پاکی دەخەمڵێ دێتەوە سەر دۆخی جارانی
کە مانگی بانەمەڕ داهات چ خۆشە دیمەنی کوێستان
سەراسەر خێوەت و ڕەشماڵ و خێڵە جێهەوارانی
وەکوو سەروی خەرامانن کە پۆڵ پۆڵ دێنە مەڕدۆشین
بە لەنجە و ناز و عیشوە شەنگەبێری چاوخومارانی
نەشئەبزوێنە قاو و قیژی کەسک و سووری خێڵاتی
قریوەی زاووماک و کاڕ و کووڕی بەرخ و کارانی
لە لایەک داوەتی کیژانە بەزم و ڕەزمی لاوانە
لەلایەک ئەسپ و ڕمبازی جلیتی شۆڕە سوارانی
لەلایەک تیپی زەحمەتکێشی خاکی نیشتمانی جوان
بە هێزی شان و هۆی بازوو دەکێڵن دێمەکارانی
لەگەڵ جووتی کەڵ و گا دێنە مەزرایە بە دڵخۆشی
لەبۆ کێڵان و دەرهێنانی مووچە و جێبەیارانی
خەریکی کەسپ و کارن لاوەکانی نیشتمانپەروەر
بە ڕۆژ و شەو سرەوتیان بۆ نییە تیپی هەژارانی
بەکورتی هەوڵی پێشکەوتن دەدەن کۆمەڵ بە خاس و عام
خەمم بۆ «حافزتخلص»ی مسکین، بەجێماوە لە یارانی