دەستەنگی

از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ملا غفور دباغی (1927-1990)
 2 دقیقه  906 مشاهده
ئەم پارچە شیعرەی لە زەمانێکدا هۆندۆتەوە کە بۆ بژێوی ڕۆژانە مەحتەل بووە و نانی ویشکی ئەو ڕۆژەی بۆ نەکڕدراوە.
لالووتە لە ئێمە چەرخی گەردوون
پێی حەیفە بژین بە بەختیاری
دەستم بە دوعایە خەڵکی بمرێ
تا نانی بخۆین لە تازیەداری
بەرگێکە بە بەژنی من بڕاوە
قەرزاری و سەرکزی و هەژاری
پێم ناکڕێ ڕۆژێ دوو کیلۆ نان
بەو نرخی مەباحی شارەداری
تف لەم بەشە، لەم ژیانە حافزتخلص
ئەو نانە بکەی بە ژەهری ماری
بێ چاوییە هۆی کزی و کەساسیت
سەرباری خەڵک بی نالەباری
هەروا بووە ژینی ئێمەمانان
تایبەت لە وڵاتی کوردەواری
شاعیر کە ژیانی پڕ لە ژانە
فەرقی چییە پاییز و بەهاری
زۆر شێتییە خۆزی گەر بخوازی
ئەم ساڵەکە بۆ پێرار و پاری
کێ ژیر و بەبیر و هەستیارە
بەختی ڕەشە، تاڵە ڕۆژگاری
کێ خەڵکی مەبەستە، گەل پەرستە
زیندان و تەلانە جێی قەراری
کێ زیددی هەژارە، پارەدارە
جێی کۆشک و تەلارە، بارە باری
ئەم خەڵکە تکایە لێم ببورن
حەق نابێ لە هیچ کەسێ وەشاری
بۆ من نییە هەر بە تاقی تەنیا
ڕابوردوویی تاڵ و کۆڵەواری
بێ چاوی هەموو وڵاتی دیش وان
چاو بوایە دەچوونە کەسپ و کاری