پەندی پێشینیان ٥

از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ملا غفور دباغی (1927-1990)
 12 دقیقه  2188 مشاهده
وا لە باوشی خۆی دەگرت هەتیو
دەتکوت بوویەتی بە دوو نق و نیو
خەمی براکەم پشتی کردم کۆم
بێ سەروشوێن چوو وەک بەردی بن گۆم
گەمیەت غەرق بوو، وا دژ داماوی؟
یا پیرێژنی دۆ لێ ڕژاوی؟!
ڕەش کوژە ئەوی تۆ پێت فسۆسە
بو لێت کردوومە ڕاوی سێ کۆسە!
ویستم لە گەڵ تۆ نێوم نەزڕێ
تازە پاش تڕێ با خەمشەی بڕێ
کابە کەچ نابێ، ئیسلام نابێ کز
جاروبار بکەن قسەیەک بۆ دز
خانوو یەکێکە کەبانوو نۆیە
بۆیە تۆز و خۆل هەتا ئەژنۆیە
هەر کەسێ زانا و ئەهلی نەزەر بێ
پێی سەیرە بێستان بێ سەرەخەر بێ
ئەم پەندە جوانەش بە گوێ بسپێره:
سەگ و مزگەوت؟ وشتر و گێره؟!
سەگ شاڵاو بێنی و ئازار بدا لەش
هیچ فەرقی نییە سپی بێ یا ڕەش
ساواک و مەییت بۆ حاڵی میللەت
تەرسەقولێکن کراونە دوو لەت
هەر یەکەی بۆ خێو بارەبەرێکن
یانی دوو جاشن لە ماکەرێکن
ئەوکەسەی پیرە و ژنی نەختێ جوان
لە کار و کاسپی سستە بێ گومان
هەر تاونەتاوێ دەڕوا و دێتەوە
ماڵ کاوڵ دەڵێی جاو دەنێتەوە
مناڵ هەیە زۆر بە ناز و بازە
لەگەل ئەوەشدا کز و لاوازە
چاوبەقووڵا چوو ڕوومەت قوپیوە
دەڵێی جندۆکە پێیدا تسیوە
هەیشە گۆشتن و خشپیلانەیە
هەر دەڵێی گورپەی گیپەخانەیە
سەر تەکان بدەی لە باتی سڵاو
دۆشاو بە گونت لە جێگەی بێ ئاو
دار هەر دوو سەری پیسه، داماوی
جا وەی لە قوونێ، وەی لە دۆشاوی!
بۆ مەرگی ئازیز بەرۆک دادڕە
بەڵام چا دەبێ، گڵ مەیل بڕە
چا جووتن ئەو دوو ئێسک گرانه!
ئەو دۆیە باشە بۆ ئەو دۆدانە!
خوا کارەکانی سەر سووڕهێنەرە
تەختەتاش نییه، تەختە ڕێکخەرە
پەکی کەس ناخا لەم دنیا پانە
بۆ داعبای کوێریش دەکا هێلانه
تا لێت دادەخا دەرکێ بە حیکمەت
بۆت دەکاتەوە چەند دەرکی ڕەحمەت
سەگ قاچی گرتی تێی هەڵسوو نەجیس
قەدیمی دەڵێن: پیس دەچێ بە پیس
حەیفە پیاو شتی چاک بدا لە کیس
پیس کڕ دەگەڕێ لە شوێن شتی پیس
مەشهوورە زستان ڕۆژێکی مابێ
کاری خۆی دەکا ماڵی خرا بێ!
ئەگەر هەڵی کرد سۆزەی زریانی
نە چۆڵ دەپرسێ نە ئاوەدانی
واتە کچ کاتێ مەیلی بوو لە شوو
ناپرسێ تەڕەف هەنگوینە یا گوو
شووڵێک بە تەنیا تۆ دەیشکێنی
دوو و سێش بن ڕەنگە زەدەی پێ بێنی
بەڵام کە بوو بە حەوت و هەشت و نۆ
ناشکێ بە حەوتی وەکوو من و تۆ
وتەی پێشینیان بە دڵ بسپێرە
سەفەری زستان خۆی لێ ببوێرە
نەکرا ببووری تۆ لەو سەفەرە
هاوڕێی شارەزا لەگەل خۆت بەرە
سبەی ڕێکەوە هەتا نیوەڕۆ
لە کوێ مایەوە دەرت کەن مەڕۆ
زستان ڕووخۆش بوو پێی هەڵمەخوێنە
سەروەشێن نەبێ کلک وەشێنە
ئەگەر درۆ بێ بە ئەستۆم وەباڵ
هەرچی لە مشکە دەدڕێ جەواڵ
هەرچی بوگەن کا عیلاجی خوێیە
خوێ بۆگەن بکا پەنا بۆ کوێیە؟
ناشکوری نەبێ گوریس بە یەک لا
ناگا، نە خوازە بیکەی بە دوو لا
چون کۆشکی هیوات بناغەی بۆشە
پێشت پۆلا بی پێشت کلۆشە
سەرت بگاتە تەختی پاشایی
ژێرت مەفرەقه، بێ نرخ و بایی
مەڕوانە خاوەن قۆشە و قڕانی
لە سەر دڵان بی، لەبەردڵانی
هەر چەن بە بیر و ژیر و چاناسی
تا لێت نەقەومێ خەڵکی ناناسی
ئەم پەندە باوە لە دێهات و شار
دنیا یا زۆردار دەیخوا یا بێعار
هاتەوەبیرم پەندێکی ساکار
قسە کەوتە زار دەکەوێتە شار
خواوەند لە چارەی کوردی وا نووسی
سەردانێ لەسەر کوردەنامووسی
بە کەم قایل بە تا زۆرت دەبێ
هەشت بێ لە مشت بێ، نەک نۆ بێ نەبێ
دیارە ئەوانەی تەسەل و تێرن
گوێز لە هەمبانەی خۆیان دەژمێرن
کوا تازە پێک دێ وەسڵی ئەو یارە
ئاخری عومرە و هەوەڵی کاره!
هەر سینفێ لەگەل سینفی خۆی کۆکە
دیارە هاواڵی گولان خدرۆکە
هەر وەک سیر و مار رێک ناکەون باش
کەنگر و قوماش نابن بە وێڵداش
وەک شای بێ جوققەی لە سەر تەختی خۆت
ئەگەر هەڵنەدەی شەق لە بەختی خۆت
دەستت نەلەرزێ، بەختی کە پارەت
دۆشاو کە زور بوو پێی دەگرن تارەت
خوری خۆی دەدا بە نیوەڕێسی
هی خەلکی دێنی بە تەشی ڕێسی
چاو لە چاو شەرم دەکا و مست لە مست
دەگەڕێتەوە بەبێ هەست و خوست
کابرایەک ڕێیان نەدا لەو دێیە
دەیپرسی ماڵی کوێخا لە کوێیە!
ئەو شۆڕەلاوەی شێر دەتەزێنێ
لە داوی عیشقا موو ناپسێنێ
زەرد هەڵگەڕاوە لەتاو کەنیشکێ
نە دەزووە بپسێ، نە دەرزییە بشکێ
شاعیر کە زانی قافیە تەنگە
دێتەوە بیری هەرچی جەفەنگە
کۆزی کارەگەڵ ببینە ئەمجار
قەپووچک داگرە لە ماستی توێدار
کەم دەکا نرخی قاڵی کەمێ دەڵب
هەر بۆ خاوەنی خاسە ماڵی قەڵب
هەوهەوی سواران هیچیان پێ نەکرا
بە شڵپەشڵپی پیرێژن چ کرا؟
بە دەردێکەوە ئەمساڵ دوچارم
ڕۆژێ لە دارم ڕۆژێ لە خوارم
ژینی بێ خەتەر پاشایەتییە
سەروەت لەش ساغی و هێمنایەتییە
ئەمەش فەرموودەی فەخری عالەمە
مەزنترینی نەسلی ئادەمە
فەقیر کە دیار بێ، کەسی یار نییە
کەس لێی ناپرسێ کاتێ دیار نییە
لە حاست پیاوەتی بەندە و غوڵامم
چاکەت بۆم نەبێ، بەرزە مەقامم
دوژمنی دوژمن بە دۆست بزانە
دۆستی دژمنت بۆ تێهەڵدانە
کێ بۆ خۆی بژی لە عەقڵ زویرە
ئەو کەسە ژیرە خەڵکی لە بیرە
کێ دل ئاوایە و هیممەت بڵەندە
ماڵیشی کەم بێ زۆر دەوڵەمەندە
کەسێ لە خێر و چاکە بێزارە
گەنجی دنیای بێ ڕووت و نەدارە
پشتت نینۆکی خۆت نەیخورێنێ
سەت نینوکی تر خورووی نامرێنێ
حەسود حەز دەکا هەتا بمێنی
نینۆکت نەبێ سەرت بخورێنی
کەوتوونە گەمە و گز و فت لێمان
ئاسکی نەگیراو دەبەخشن پێمان
ئاسکی نەگیراو چەنده، ئەوەندە
خورما لە بەغدا زۆر و زەوندە
بە پێلاو بدە لە تەوقی سەرمان
حاشا لە وەعدەی دووری سەرخەرمان
قەرزکوێر ئەگەر کەوشت بۆ باوێ
هەڵیگرە و بڕۆ، کێشەی پێ ناوێ
قەرز کۆن دەبێ، نافەوتێ بەڵام
یەخەی قەرزدار مەگرە بەردەوام
قەرز کۆن کردن هۆی نەدارییە
دەستەنگی مایەی شەرمەزارییە
کێ قەرزی خەڵکی نەدا بە ئانقەست
دەستی هومێدی بە یەکجاری بەست
سەڵا لەو کەسەی قەرزی دوا خرا
دەرکی متمانەی لە سەر داخرا
بەسیانە جارێک بۆیان ڕێک کەوێ
بۆ زستان شەوێ، بۆ پیران تەوێ
گەلێ کەس کوشتەی یاری دڵخوازن
کچان بە مەیلی خۆیان دەخوازن
قەدیمی دەڵێن بە خۆ مەنازن
ئەوی دڵخوازن، هەر مارانگازن
هەن بە ڕواڵەت شۆخ و لەبارن
بەڵام دوورکوژی نزیک خەسارن
هێندە بە فیز و تیزە ئەو لاوە
هەر دەڵێی دۆمە و خەڵات کراوە
زیاد لە ئەندازە خۆ مەپارێزە
نەخوشە هەر کەس بە قێزوبێزە
کێ لە کەسپ و کار بە قیز و بۆیە
بمرێ وەباڵی بە ئەستۆی خۆیە
ئێژن تەوەزەل چەشنی دۆڵپایە
قورسایی ژینی لە مڵ خەڵکایە
وەک قیلی کەوای سپی بێ وایە
یان خەرەنگەزی بن کلکی گایە
کەسێک شعووری لە چاوی دابێ
نەزانە، با لە سەت ئاوی دابێ
گوێ بگرە پەندی هەموو کەس بیستوو
ڕامەپەڕێنە قەت سەگی نوستوو
کاکە زۆر بۆ لای خۆتی مەتاشە
نە شیش بسووتێ نە کەباب باشە
بێ تامە گەلێ شتی سپی و سۆڵ
هەر لە دوور خۆشە ئاوازی دەهۆڵ
دیارە ئەو کەسە قسەی ناچەسپێ
لە گیرفانیدا هەلپەڕێ ئەسپێ
ئەم پەندەم لەلا گەلێ عەزیزە
خۆزگە بەو باغە ورچی لێ زیزە
پێت خۆشە عەیبت قەت دەرنەکەوێ
عەیبی کەس مەڵێ تۆ لێر و لەوێ
هەر سینفەی لەگەڵ سینفی خۆی کۆکه
دیارە هاواڵی گولان خدرۆکە
بۆیە خاوەنکار هەر دەڵێ زوو کە
پێمەڕە بە دەست فەعڵاوە سووکە
زانا ئەشێ هەر بۆی بدرکێنی
نەزان نەقیزەی تێ بوەژێنی
لە ڕەسەنی چاک دەبێ شتی چاک
لە ماینی حدوود یەکسمی چالاک
قۆزی بێ زواد قاوە قاوێتی
ترخێنەی بێ تام شەو پڵاوێتی
لەکن ئاسنگەر کەسێ دانیشێ
بەرگی دەسووتێ یا سەری دێشێ
لە سەری مەڕۆ حەیات با نەبەم
با لێفە لە سەر هەتیو لا نەبەم
کێ پەسند ناکا قسەی وا بەجێ
دەست ئەگەر شکا خوار دێتەوە جێ
کەس پەنا نابا بۆ سێبەری کوند
ئەگەر جێی نەبێ لە شار و لە گوند
دووڕوو قسەیان بێ ئیعتیبارە
وەک نیسک نە بەر نە پشتی دیارە
لە کەڕەمی کەم مەگرە بەهانە
کەمی هێندێ کەس، بە زۆر بزانە
ئەگەر لالووت بێ لە کەڕەمی کەم
بێ شک دەکەویە بەر لۆمە و لەقەم
مەشهوورە هەرکەس بە کەم نەزانێ
پیاوەتیی زۆریش بە کەم دەزانێ
دوعای پیاوانی ژیر و بە هەستە
ئەم دەستە موحتاج نەبێ بەو دەستە
بێ هێزی خەتای ڕۆن نەباتییە
کەم خواردن لە کەم دەسەڵاتییە
ئای خۆزگە شۆفار لاڵ و کەڕ بوایە
ئاوخواردنەوەی گورگ لەگەڵ مەڕ بوایە
لە زانایەکیان پرسیوە پێشوو
زیندوو لە دنیا زۆرە یا مردوو؟
جوابی داون ئەو شیرن وتارە
مردوو لە زیندوو زۆرترە دیارە
بێجگە لەوانەی تا ئێستە مردوون
ئەوانەی مردووی ژنن، هەر مردوون
ئەو کاتە ماڵت کرا بە پێخوست
گەورە ئاوی ڕشت، چووکە پێی ڕێخست
بۆژۆ بوو ئەوی خۆی لە پێناو نا
هی شاخی هات و هی باغی ڕاونا
کەس بوو بە ناکەس، ناکەس بوو بە کەس
قەدیم وەجاخان دەرچوون بە عەبەس
چرای مەزڵوومان کز و بێ نوورە
ئاوی زاڵمان سەر بەرەو ژوورە
دایک کە بوو بە باوەژن دیارە
باوکیش هەر ئەبێ بە باوە پیارە
چکۆلەترین کردەوەی عیسان
لە سەد قسەی زل باشترە دیسان.
کەسێ بە زۆر و بە کەشمەکەشی
عیلاقەی بکەن پیس نابێ لەشی
کێ عیشقی گەلی بە دڵدا ناچێ
ئاوی ئاموون و توونی بابا چێ
کەسێ دایکی خۆی نەدا بە خەتەر
بە دایکی خەڵکی چۆن نابا زەفەر
دەڵێن پاییزی سەروەشێن چاکە
گوایە زستانی خۆش دەبێ کاکە
سەفەر و سەودا دوو بەڵگەی چاکن
تاقیکەرەوەی پاک و ناپاکن
کێ گوێلکی خەڵکی بۆ لای خۆی بێنێ
هەر گوێرەوساری بە دەست دەمێنێ
لە هەوراز و لێژ قەت مەڵێ کوتن
لە بەر با هەگیز مەکێشە تووتن
بە زاوابەندی هەتاکوو مردن
نەکەی بچیە سەر ماڵی بابی ژن
زستان بیەوێ خەڵکی بکا قڕ
بە شەو سایەقە و بە ڕۆژ هەوری پڕ
پیاو مناڵی خۆی کەم ڕووی بداتێ
نەوەک بێ ئەوان هەڵنەکا ساتێ
تۆڵەیان لە بیر ناچێ دوو دڵ پڕ
نەمار کلکی خۆی، نە باغەوان کوڕ
بنی هەمبانەت کونی تێدا بێ
بە جەواڵ تێی که، هێشتا پڕ نابێ
دەڵێن هەر ژنێک مێرد بیکا سەنگین
عاڵەم هەڵستێ، پێی نابێ نەنگین؛
بەڵام هەر ژنێ مێرد بیکا تڕۆ
بە هەموو عاڵەم ناکرێ پەڕۆ
پیاو ئەگەر شێرە یاخۆ پڵنگە
ژن دەرکی نەکا، کەمتر لە پنگە
ژنی وا هەیە پیاو دەکا بە پەند
هەر ژنیشە پیاو دەکا سەربڵەند
پەندی پێشینیان خۆراکی گیانە
مۆسیقای دڵە، باخچەی ژیانە
پەندی پێشینیان یادگارییە
میراتی کۆنی کوردەوارییە
پەندی پێشینیان گەلێ پیرۆزە
مایەی شانازی بۆ گەل و هۆزە
پەندی پێشینان بەڵگەی خەباتە
دیاردەی مێژووی گەل و وڵاتە
بە بەردی دوژمن لێت بێتەوە پۆست
نایەشێ بە قەت گڵی دەستی دۆست
ئەگەر باری کەر تفەنگ بێ پاکی
گورگ تووشی بێ دەیخوا بە چاکی
وەهای فەرمووە ڕەسوولی ئەکڕەم
سڵاوی خوای لێ بێ هەموو دەم
مرۆ پیر دەبێ هێزی نامێنێ
دوو خسڵەتی ئەو جحێڵ دەمێنێ
یەکێ تەماحی بێ حەد و سنوور
یەکێ ئارەزوی زۆر درێژ و دوور
چاوت نابەستم خۆی بەرحزوورە
گۆشتی سەرچەپەر وتەی مەشهوورە
وا نەخوشێکمان کەوتووە لە ماڵێ
بە شەو دەناڵێ بە ڕۆژ دەماڵێ
هۆشی تاساوە لە تاو مشتەری
ئاگری بەری داویە لە سەری
خۆ بە زل زانین هی تازە کوڕە
گەوج و نەزانن لێیان ببوورە
لە ناو ئافرەتان ئەم پەندە باوە
لە گەلێ شوێن و جێگا وتراوە
ژن دەڵێن مەچۆ بن نیسێی بەردی
جێی هومێد نییە وەک بەقای مێردی
ئاردی خۆم لێ کرد کەپەکم دابێشت
گەلێکم تاڵی و سوێریی دنیا چێشت
نەخەوتووم لە سەر ڕێگای ئەم و ئەو
تا خەونی ئاڵۆز ببینم بە شەو
زۆرم جەفا دی لە ڕێی دڵداری
بوومە شوانەکەی حەق نادیاری
بۆیە کەسی خۆت پێت هەڵدەکاڵێ
ڕێوی دەرەوەی، شێری لە ماڵێ
هەر ژنێ بە دەم پیاوا هەڵشاخی
ماڵی بۆ چۆل کە و ڕاکە بۆ شاخی
بە قسەی ئەم و ئەو کەس هەڵنەتیزێ
ئاش لە میزتن بێ ڕۆژێک دەمیزێ
هەتاکوو کەللەم دەدروون لە جاوی
لە بیرم ناچێ دەردی بێ چاوی
دەتوانم ئازار نەدەم دڵی کەس
چیبکەم لە حەسوود لە خۆشی تووڕەس!
بە شان و قۆڵت بیبەی بۆ کابه
پێی زیارەت کەی هەموو ئەسحابه
بە کۆڵ بیگێڕی ئەو حەق نەناسه
هەر هەمان ئاشە و هەر هەمان کاسه
جوابی پرسیاری دوژمن نازانم
دیارە نازانم ڕەحەتی گیانم