پیرۆزبایی نەورۆزی ١٣٥٤

از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ملا غفور دباغی (1927-1990)
 2 دقیقه  856 مشاهده
ئەم جێژنە پێروز بێ لە هەموو گوێگر و گوێدێر
پیرۆز بە دڵی خۆش و لەشی ساغ و زگی تێر
دوایین پەڕی هەڵدایەوە زستانی سڕ و سارد
پێچایەوە خوێنتاڵی دزێو، نەگبەتی بێ خێر
مووسایی بەهاری بە هەموو موعجیزەکانی
فیرعەونی دەی و بەهمەن و ئەسفندی نیا ژێر
نەورۆزە، سەری ساڵە، گوڕەی پیرە شەماڵە
بۆ گیانی هەرەس دێ تلی پێدا وەکوو تاوێر
نەورۆزە بەهارە هەڕەتی کۆشش و کارە
جا نۆرەتە ئەی کاکی فەلا، مامەیی وەرزێر
خێرا کە لە خاو بێنەدەرێ جووتی کەڵانت
بۆ شێوی زەوی و زارەکە هەڵمەت بەرە وەک شێر
سەیری دەر و دەشتێ کە دەڵێی باخی بەهەشتە
مێرگی هەموو بژوێنه، هەوارگەی هەمو زەنوێر
گیانبەخشە هەوای کێو و کەژ و دیمەنی کوێستان
خەمڵاوە بە گیاخاو و گوڵی سوێسن و شللێر
هەر دەنگی مەلە تێکەڵی هاڕەی خڕ و دۆڵە
هەر لووزەوی بەفراوە دەکا هاژە لە هەڵدێر
هەر تاوڵ و ڕەشماڵە بە داوێنی چیاوە
هەر ڕەشبەڵەک و داوەتی بێریانە بە بلوێر
زاخاوی دڵان حیلە و کۆڕژنی کەحێلە
تاوێنی خەمان دەنگی مەڕ و بەرغەل و هاوێر
خۆزگەم بەوە ئەو فەسڵە بە چاوانی دەبینێ
ژین نرخی لەلای خاوەنی بیناییه، نەک کوێر