شا ئیسماعیل و قەمبەرتا

از کتاب:
شێوەزارناسیی کوردی
اثر:
د. ن. مکنزی (1926-2001)
 3 دقیقه  392 مشاهده

1. پاشایەک ئەبێ لە مەملەکەتێکی وەکوو مەملەکەتی بەغازەمیندا. ئەم پاشایە وەجاخی کوێر ئەبێ. موددەتێکی زۆر نوێژ و ئیتاعەتی خوای خۆی ئەکا. لەپاش موددەتەودوا بانگی وەزیری دەستەڕاستی ئەکا، «ئەڵێ، ئەی وەزیر، تۆ لە جێگەی من وەکیل (ب)بە تا وەکوو من ئەچم بۆ دەروێشی، بزانم خوا چی ئەکا.» وەزیر دانیشت لە جێگەی پاشا، پاشا دەستێ جلی دەروێشیی لە بەر کرد، ڕووی کردە شاخ و کێو، بە زیکر و لا ئیلاهە ئیللەڵڵای خۆی.

2. لە پاش موددەتێکی زۆر تووشی کابرایەکی ڕیشسپی بوو. کابرای ڕیشسپی سوئالی لێ کرد، وتی، «ئەی پاشاهم، تۆ چی ئەکەی لێرە، بە چ دەردێ گرفتاری؟» وتی، «باڵەگەردانی سەرتٖ بم، ئەگەر ئەزانی من پاشام ئەیشزانی بە چ دەردێ گرفتارم.» وتی، «باشە، من و تۆ شەرتێک ئەکەین. من سێوێکت ئەدەمێ، خوا ئەولایەکی نێرینەتٖ ئەدٖاتێ، ناوی نەنێی تا وەکوو من یێم، ناوی ئەنێم. شەرت بێ، ئەگەر تۆ ئەمەم لەگەڵ بکەی، تا وەکوو مردن هەر_لەبەر چاومە و لە بیرم ناچێ،» کابرای ڕیشسپی دەستی بردە باخەڵی و سێوێکی دەرهێنا، دایە دەس پاشا. پاشا سێوی لە دەس وەرگرت، خستیە باخەڵی و پاشەوپاش گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

3. کە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە چووە سەراوە، بانگی ژنەکەی کرد، وتی، «ئەی ئافرەت، خوا دەروویەکی بە ڕەحمەتی لێ کردینەوە.» سێوی کرد بە سێ لەتەوە، لەتێکی خۆی خواردی و لەتێکی_دا بە ژنەکەی، لەتێکی برد بۆ ماینەکەی. سێویان خوارد، لەپاش موددەتێکی زۆر خوا ئەولایەکی_دانێ و ماینەکەی جوانووئەسپێکی بوو.

4. چەنگ موددەتێکی بەسەرا سووڕا، کوڕ عەمری گەیشتە سیانگزە، بۆ چواردە ئەچێ. لە مەجلیسی پاشا چەنگ کەسانێک دانیشتبوون، سوئالیان لە پاشا کرد، وتی، «ئەی پاشاهم، زۆر حەیفە بۆ ئەم کوڕە کە خەڵق بانگی ئەکا بێناو. ئێمە وا جوانە ناوێکی بخەینە سەر تا ساحێبی یێت، ناوی ئەنێ.» پاشا وتی، «براکانم، ناتوانم من لە خۆمەوە ناوی بنێم تا ساحێبی نەیەت.»

5. لەم گوفتوگۆیەا بوون، تەق یەکێک لە دەرگای_دا. پاشا فەرمووی، «بچن، بزانن کێیە لە دەرگا ئەدٖا.» چوون، دەرگایان کردەوە، کە تەماشایان کرد، کابرایەکی ڕیشسپی لە بەر دەرگا وەستاوە، داوای پاشا ئەکا. خەبەریان برد بۆ پاشا، وتی، «ئەی پاشاهم، کابرایەکی ڕیشسپی لە بەر دەرگا وەستاوە، داوای تۆ ئەکا.»