ئایا زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوومان هەیە؟

از کتاب:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
اثر:
عزالدین مصطفی رسول (1934-2019)
 10 دقیقه  583 مشاهده

یەکەم: وەک وتمان، ئەم زمانە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ئەوانەن کە بە هەموو بەشەکانی کرمانجیی خواروو دەدوێن و ئەوانەی بە دیالێکتی گۆران دەدوێن و تا ڕادەیەکیش ئەوانەش کە بە لوڕی دەدوێن. بەڵام ئەم شێوە نووسینە ئەدەبییە هێشتا نەبووە بە شێوەی نووسینی ئەوانەی کە بە کرمانجیی ژووروو دەدوێن، کە ئەمان لە ڕووی ژمارەوە بەشی زۆرتری کوردن. هەرچەندە هەندێ شاعیر و نووسەری ناوداری ئەوتۆشمان هەیە کە شێوەی ئاخافتنی ماڵەوەیان یەکێکە لە بەشەکانی کرمانجیی ژووروو، بەڵام نووسینیان هەر بەم زمانەیە کە لای ئێمە بووە بە زمانی نووسین و خوێندن و ئەدەبیات.

کە واتە ئەم زمانە نەبووە بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو نەتەوی کورد، بەڵام هەروەک نەبووە بەو زمانە یەکگرتووە، هەروەها ناتوانین بڵێین ئێستا کورد دوو زمانی ئەدەبیی یەکگرتوویان هەیە. چونکە هەر لەو کاتەدا کە ئەم زمانە لە دەوری بابانەوە تا ئێستا زمانی ئەدەبیی ناوچەیەکی گەورەی کوردستانە و لە ساڵی (١٩٢٢)ەوە تا ئێستا زمانی خوێندن و نووسینی بەشی زۆری ئەو ناوچەیەیە. هەر لەو کاتەدا شێوەزمانێکی تر نابینین کە لە دەوری بابانەوە تا ئێستا بەو شێوە فراوانە و بەو بەردەوامییە زمانی ئەدەبیات بێت و لە هیچ شوێنێکی تری کوردستاندا بە کوردی خوێندن نییە و زمانی کوردی بە ڕەسمی نەناسراوە تا شێوەیەکی تری لەمە بەدەر ببێتە زمانی یەکگرتوو—با لە ناوچەیەکی تەسکیشدا بێت.

بەڵێ - بەشی بۆتانی کرمانجیی ژووروو لە دەورێکدا و تا کۆتاییی سەدەی حەڤدەهەم لە ناوچەی خۆیدا زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو بووە و ئەدەبیاتی لە کاتێکدا پێ نووسراوە کە ناتوانین بلێین خوێندن و نووسین بە کوردی هەبووە، چونکە زمانی ڕەسمیی خوێندنی مزگەوت (کە تاقە شوێنی خوێندن بووە)، عەرەبی و تا ڕادەیەکیش فارسی بووە. بەڵام ئەو زمانە ئەدەبییە پاش لەناوچوونی میرنشینی بۆتان و بادینان کشایەوە و پەرەی نەسەند. هەرچەندە تاکوتەرا و تا ئێستاش شاعیر هەبووە کە شیعریان پێ نووسیوە، بەڵام هیچ یەکێ لەو شاعیرانە توانای ئەوەی نەبووە کە ئەدەبیاتەکەی لە سنووری ناوچەکەی خۆی بباتە دەرەوە. ئەو هەوڵە مەردانەیەش کە لە ساڵی ١٨٩٨ بەدواوە بۆ ئەوە درا کە دەوری زێڕینی ئەو شێوەیە بهێنێتەوە کایەوە و بەرەو پێشی بەرێ، بەهۆی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کوردستانی تورکیاوە سەری نەگرت و کپ بوو.

گەر ئێستا لە شوێنێکی تر زمانی کوردی لەسەر بناغەی کرمانجیی ژووروو زمانی خوێندن و نووسین و ئەدەبیات بێت، ئەوا ئەو تەجروبەیە لەبەر گەلێک هۆی جوغرافی و مێژوویی ناتوانێ بە چەشنی ئێستای پەل بۆ کوردستان بکێشێ؛ مەبەس تەجروبەی کوردی سۆڤێتی بوو. لەبەر ئەوەی زرووفی مێژووییی خۆیان لە کوردستانی دابڕیون، ڕێگەیەکی تایبەتی خۆیان لە پەرەپێدانی خوێندن و نووسین و ئەدەبیاتدا گرتووە. بەڵام کوردی سۆڤێتی لەبەر ئەوەی کە ژمارەیان کەمە و هەر لە ١%ی ژمارەی هەموو کورد دەبن و لە سنووری کوردستاندا نین و لە شوێنی خۆشیان لە چوار کۆماری سۆڤێتیی لە یەک جیادا دەژین و ڕژیمی سیاسیش وای کردووە کە بەم زووانە نەتوانن کارێکی کاریگەر بکەنە سەر ئەدەبیات و ژیانی کەڵچەری کورد. لەبەر ئەوە، ئەو زمانە ئەدەبییەی ئەوان نابێ بە زمانی ئەدەبی هەموو کورد، بەڵکوو ئەم زمانە ئەدەبییەی ئێستای ئێمە وردە وردە کار دەکاتە سەر زمانەکەی ئەوان.

کە واتە، بەم حاڵەشەوە، هەر یەک زمانی ئەدەبیی کوردیمان هەیە. هەرچەندە هەندێ شاعیر و نووسەری ناوچەی «بادینان»یش ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە بەشی بادینانی کرمانجیی ژووروو (بۆتان نا) بنووسن، بەڵام ئەو چەند نووسینە ئەو بەشەشێوەیەی نەکردووە بە زمانی ئەدەبی، نەک لە کوردستانی عێراقدا، تەنانەت لە بادینانیشدا چونکە ئەو شێوەیە تا ئێستا نەبووە بە زمانی ڕەسمیی دەوڵەت و زمانی خوێندن و نووسین. بەشەشێوەی بادینان تا ئێستا هەر شێوەی ئاخافتنی خەڵکی بادینانە و دیارە هەر لە شێوەی ئاخافتیشدا هەر دەمێنێتەوە، هەروەکوو شێوەی فۆلکلۆرێکی دەوڵەمەندیشە. گەر هەوڵی ئەوە بدرێ بە بەشەشێوەی بادینان نووسین پەرەی پێ بدرێ و بڵاو بکرێتەوە، چەند کۆسپ و ئەنجامێکی سەیر لە بەردەمی ئەو هەوڵەدا دەبینرێ. یەکەم: زۆر زەحمەت و ئەرک و هەوڵی دەوێ کە ئەو بەشەدیالێکتە ببێ بە زمانێکی ئەدەبیی فراوان چونکە لەبەر پێنەنووسینی تا ئێستای، کەم کەسی شارەزای ئەوتۆ هەن کە بتوانن بە چەشنێکی ئەدەبیی ساکار و جوان بە بادینانی بنووسن و نووسینەکەیان بچێتە ناو خەڵکەوە. تەنانەت گەر کتێبی قوتابخانە بە بادینانی بنووسرێ، ئەوا ئەوەندە بادینانینووسی بەتوانامان دەست ناکەوێ کە ژمارەی لیژنەی کتێبنووسینیان لێ پەیدا ببێ. وە ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی بەکوردی خوێندن لەو ناوچەیەدا دوا بکەوێ .

دووەم: گەر ئەوەش بسەلمێنین کە بادینانی نووسین سەردەگرێ، ئەوە لەپاڵ هەموو ئەنجامی دووریدا ئەو ڕاستییەش هەیە کە ئەو نووسینە هەر بۆ بادینان دەست دەدات و نابێ بە زمانی ئەدەبی بۆ هەموو ئەو ناوچانەی بە کرمانجیی ژووروو دەدوێن. چونکە ئەدەبیاتی کرمانجیی ژووروو تا ئێستا هەر بە بۆتانی بووە و لە کێشەی سروشتی بەشەشێوە و شێوەکاندا دیارە کە بۆتانی بەئاسانی جێگەی خۆی بۆ بادینانی چۆڵ ناکات و شێوەی بۆتان لەبەر ئەوەش کە زیاتر پێی نووسراوە، لە بادینانی زیاتر بەرەو پێشەوە چووە و نەرمتر بووە و زیاتر لە تێگەیشتنی خەڵکی کوردستانی خوارووەوە نزیکە. ئەمە بێجگە لەوەی کە بادینانی بەشێکە لە پێنج بەشی کرمانجیی ژووروو (بۆتانی، هەکاری، بایەزیدی، ئاشتایی، بادینانی)، وە زۆربەی خوێندەوارانی ئێستای بادینان تا ئێستا توانای ئەوەیان نییە کە نەک چەشنی نووسینیان لەگەڵ بۆتانیدا یەک بخەن، بەڵکوو باش لە بۆتانیش ناگەن.