چلەی بارزانی
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
787 مشاهده
لەمێژ نییە هەر لەو هەردە
لەناو ئەو زورکەن و بەردە
ئاڵۆزی بوو، هاتوچۆ بوو
هەموو لا شین و ڕۆڕۆ بوو
تفەنگ سەرەوبن کرابوون
سۆرانی لە خم درابوون
لەبەر گریان و هاتوچۆ
وەک دەشتی مەحشەر بوو شنۆ
کوردی کوردستان جمی بوو
لەو دەوروبەرە خزی بوو
وەک یەک لە چاوی ژن و مێر
ئەهاتە خوار فرمێسکی سوێر
کە هات هەواڵی جەرگبڕ
باوک هۆشی بڕا لە کوڕ
خەفەت ئەباری لەو ناوە
باوکی کورد سەری ئەناوە
ئەو ڕۆژە باوکی خۆشەویست
سروێک ئەهات تۆ نەتئەبیست
هەناسەی پێشمەرگەی تۆ بوو
ڕوحیان لەسەر گڵکۆی تۆ بوو
چل ڕۆژ تێپەڕی لەو کاتە
بەڵام کوردستان هەر ماتە
هەڵگورد و پیرس و مەتین
قەندیل و کوڕەک و سەفین
هەڤاڵانی بە وەفای خۆت
ئامێزیان ئاواڵەیە بۆت
کورتەی چیرۆکی ژینی تۆ
پێشمەرگێک بووی ماندوو و مجرۆ
بەرهەڵستی دوژمنی کورد
لە بێشکەدا دەستت پێ کرد
بن بەردی خۆت لە شاخ و کێو
نەگۆڕیەوە بە زێڕ و زێو
نەک هەر ڕەمزی کوردستان بووی
بۆ کورد دەرسی نەوەستان بووی
دەستی خەنجەرت بەهێز بوو
جێی خۆشی تو مەتەرێز بوو
سامی تۆ وای دەنگ دایەوە
مردن لێت ئەپرینگایەوە
لە هەڵبەستا تۆ بووی مەبەست
تۆ بەرزتر بووی لە هەڵبەست
کاتێک لاوەیی نەتەوێ
لە ڕاپەڕینی تۆ بدوێ
بۆ سەربەرزیت سەر دانوێنێ
بڵێ و دان بەوەدا بێنێ
کردەوەی ئەو قاڕەمانە
لە دنیا بۆتە ئەفسانە
ئەوەی تۆی دی لە سەنگەرێ
چ بڵێ؟ ناوی تۆ چۆن بەرێ؟
تۆ بووی شانازیی گەلی کورد
زۆر شانازیت لەگەڵ خۆت برد
کۆچت دەردێکی بەسۆ بوو
کوردستان حەوجێی بە تۆ بوو
گڵ تۆ لە دڵ دەرناهێنێ
خاکی کورد تۆ ناشەمزێنێ
دایک کوڕ لە باوەش ئەگرێ
سەدجاریش لەبەری ئەمرێ