گوندی دیواڵان

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 3 دقیقه  876 مشاهده
هەڵکشا ئیتر ئەوە زەردەی خۆر
زەردەیان گرت پەمەیی و ئاڵ و مۆر
با لەپێ توند کەمەوە بەند کاڵان
لێرەوە سەر بڕە بۆ دیواڵان
ڕێ دەگەڵ وەش گەلێ کەم مەودایە
هێندە باریکە دەڵێی هەودایە
من بە چالاکی کە وەک تاوێرم
کە دەڕۆم لێرە شەقاو دەژمێرم
لە هەر ئەشکەوت و خڕێک ڕادەبڕم
ڕادەوەستم بڕێ هەست ڕادەگرم
دیمەنی جوانە بەڵام وەدیارە
ڕێی مەترسی هەیە بۆ ئاوارە
تا بڵێی گوندی بە داو و کەڵەکە
بەدهۆن زۆر و بە فێڵ و تەڵەکە
حەوشەیان تۆڕن و ماڵیان بنەیە
هاندەری لێیە خەریکی دنەیە
زڕە کوردی وەکوو کەو دەخوێنن
دەست و دڵ پیسن و دم بە خوێنن
ناسرەون ساتێ، نە ڕۆژێ نە شەوێ
بانگ دەکەن خۆیی ئەویش چەشنی کەوێ
دەیبەن و دەیخەنە داوی دوژمن
دێننە جێ مەرجی شەرەف دۆڕاندن
کوردە بۆ یەک دەبنە نێچیروان
کورد نەبێ کێی ترە نێچیری وان؟
پەت و سێدارە ئیتر هەڵ دەخرێن
لاوی تێکۆشەری پێدا دەکرێن
جاڕ دەدەن جا هەموو گوند و گەڕەکان
بێن و ڕێیەک بخەنە سەرکەنەکان
بێن ببینن کە «شەهید ئاوارە»
سەری چەند بەرزە لەسەر سێدارە
چۆن «حەمەد ئەحمەدشخص» و «ڕەحمان وەتمانشخص»
بۆ وەتەن مردن و سەریان نەچەمان
هێشتە هەر چۆن لە گەڵی و دارستان
دەگەڕێ دەنگی بژی کوردستان
گوند نییە بنکەیە بۆ ئاژاوە
خۆفرۆشتن لەوێ ئێستەش ماوە
نەتەوێی کوردن ئەگەرچی کوردن
لە بەرانبەر گەلی کورد ڕوو زەردن
نابێ دڵخۆش بێ بەوە بێگانە
کوردی کوشتن، ئەوە کوردستانە
تا پتر خوێن بڕژێ لەو ناوە
شۆڕشی گەورەتری بەدواوە