بەهار
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
1360 مشاهده
بەزەیی دێ بە هەتیو هەوری بەهار
ڕێژنە بارانێ دەڕێژێتە خوار
شین دەکا بەرز و پەسار و داوێن
هەڵ دەدەن تولە نەمام و لاوێن
قەترە ئاونگی گەڵای کشتوکاڵ
ڕوون ئەبن هەروەکوو چاوی قرژاڵ
مێگەڵی تێر و تەسەل لێر و لەوێ
دێن و شاڵاو دەبەنە بەردە خوێ
گەورە ساڵ گۆشتن و پۆشتە و بە بەزن
تازەزاو گۆچ دەگرن هەڵ دەبەزن
دەبنە دەستاڕ و پنەی پان و بەرین
دوگی ئەستێور و سینگی پارین
زوو لە دەشتێ لەوەڕ ئەکرێن بۆژە
ڕان ئیتر ڕووی لە قەد و بەر ڕۆژە
ڕێ لە ڕادان دەگرێ بەر لەشەوێن
شوانی ماندوو کە گرێی دا دەس بێن
قەرە هەر داسی کوڕ و کاش دەسوێ
حەز دەکا شینکە لەسەر بەرد بڕوێ
خۆش دەکا دوو سەرە ڕێی هاتوچۆ
ئاوی باران لە قەفی گەنم و جۆ
حەوشی کۆشک لە گوڵی دەسچین پڕ
فڕی داوێنە گوڵی ڕژد و چڕ
کورتە باڵایە وەنەوشە مۆنە
چ دەزانێ سەری بیزا چۆنە
لای لایی شەوە خرمەی باران
بەستەیە بۆ دڵی شەوبێداران
خوس دەبا گەر نەوییە گەر بەرزە
دەزەلێن شێو و بەیار دوو وەرزە
کەچی لافاو وەکوو دەستی زۆردار
دێ و لەبن هەڵدەکەنێ کۆخی هەژار
تا وەخۆ دێتەوە چاو هەڵدێنێ
خانوە قوڕماویەکەشی نامێنێ
ئاوی سێڵاوێ دەنیشێ کەم کەم
وەره بڕوانە دەبینی ئەودەم
چی بە بارانی پەڵەی دێراوە
وەکوو بڕژانگی هەتیو تێر ئاوە